تورکیا وەڵامی ئەمریکای دایە لەسەر ڕاپۆرتی چەکدارکردنی منداڵان

03/07/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئیدانەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات، کە حکومەتی ئەنکەرەی خستووەتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە کار لەسەر چەکدارکردنی منداڵان دەکات.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە "ئەو هەڵسوکەوتە نموونەیەکی رەهای دوو ڕوویی ئەمریکایە کە مامەڵە بە دوو پێوەر دەکات، لە لایەک هاوکاریی چەک و کۆمەک پێشکەش دەکات بە گروپە کوردییەکانی وەک پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل، کە بە زۆر منداڵان چەکدار دەکەن".

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوەشکراوە، جێگەی شەرمە لیستەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو ڕووەوە، گروپە چەکدارە کوردەکانی تیا نییە، کە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە شەڕ لەگەڵ تورکیا دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەسەر بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە لە ساڵی ٢٠٢١، ناوی تورکیای خستووەتە ئەو لیستەوە کە تێوەگلاوە لە چەکدارکردنی منداڵ لە ڕیزی گروپە چەکدارەکانی ناوخۆیی سوریا، کە ئەوەش بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هاتووە، بەڵگەی حاشاهەڵنەگر هەیە کە تورکیا کۆمەکی گروپی (فیرقەی سوڵتان موراد)ی چەکدار دەکا لە ناوخۆیی سوریا، کە یەکێکە لە گروپە چەکدارەکان و لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێت و بەکاری دەهێنێت لە ناکۆکییەکانی ناوخۆیی سوریا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو گروپە منداڵان چەکدار دەکات و بەکاریان دەهێنێت لە جەنگەکاندا.

ئەوەش بۆ یەکەمجارە واشنتۆن ئەنکەرەی خستووەتە لیستی ئەو وڵاتانەوە کە منداڵان چەکدار دەکەن بۆ بەرەکانی جەنگ، کە هەرچەندە یەکێکە لە ئەندامانی ڕێکخراوی ناتۆ.

چاوەڕوانیش دەکرێت ئەو بابەتە جارێکی تر ناکۆکی و ئاڵۆزی دیپلۆماتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بهێنێتە ئاراوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا ڕایگەیاندووە، تورکیا پەیوەندی هەیە بە چەکدارکردنی منداڵانەوە لە ململانێ و ناکۆکییەکانی ناوخۆیی لیبیادا، بۆ ئەو مەبەستەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیوای وایە لەگەڵ لایەنی تورکیادا کار بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتەو کۆتایی پێهێنانی.