ڕوسیا فیلمێکی سینەمایی لە بۆشایی ئاسمان تۆمار دەکات

03/07/2021
فۆتۆ: 

ناوەندی بۆشایی ئاسمانی ڕوسیا، گالیسکەیەکی بە ناوی (ms-17 ) بە کۆمەڵێک کەلوپەلی وێنەگرتنەوە، ڕەوانەی وێستگەی ئاسمانی نێوەدەوڵەتی کرد، بە مەبەستی تۆمارکردنی فیلمێکی سینەمایی لە بۆشایی ئاسمان.

بە گوێرەی هەواڵ فیلمەکە ناوی (ئەلتەحەدییە) و گالیسکە بۆ ئەوە مەبەستە بڕی نزیکەی ١٤ کلیۆگرام کەلوپەلی وێنەگرتنی لەگەڵ خۆی بردووە بۆ وێستگەی ئاسمانی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی تۆمارکردنی فیلمەکە.

دیمیتری ڕۆجوزین، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی (ڕوس کۆسموس) لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، فیلمی ناوبراو لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ دەستپێدەکرێت، بەرهەمهێنانی فیلمەکەش لە لایەن کەناڵی یەکی تەلەفزیۆنی ڕوسیاو کۆمپانیای روس کۆسموس و کۆمپانیای سینەمایی (شین و رەش و سپی) ڕوسیاوە  بەرهەم دەهێنرێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت بۆ بە ئەنجامگەیاندی ئەو بەرهەمە هونەرییە، کۆمپانیای روس کۆسموس لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا لەڕێگەی کەشتی ئاسمانی (سۆیۆز ئێم ئێس ١٩) وە ئەنتۆن شیکابلیروفی کەشتیوانی ڕوسیا و ژنە هونەرمەندی ئەو وڵاتە یۆلیا بیریسیلد و دەرهێنەری سینەمایی کلیم شیبینکۆ، ڕەوانەی وێستگەی ئاسمانی بکرێن.