دوای 10 ڕۆژ لە پەککەوتنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر کەوتەوە کار

03/07/2021
فۆتۆ: 

کۆمپانیای کارەبای نیشتیمانی ئێران ئەمڕۆ شەممە ئاشکرایکرد، دووبارە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهری باشوری وڵاتەکە خراوەتەوە گەڕ و بەستراوەتەوە بە هێڵی کارەبای نیشتیمانییە، دوای ئەوەی ماوەی ١٠ ڕۆژ بوو بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە داخرابوو.

مستەفا رەجەبی مەشهەدی وتەبێژی کۆمپانیای کارەبای نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، وێستگەی بوشەهر دووبارە دەستیکردووەتەوە بە بەرهەمهێنانی کارەبا، دوای ئەوەی بەهۆی چاکسازیکردنەوە لە وێستگە بەرهەمهێنانی کارەبای تیا راگیرابوو.

مەشهەدی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دووبارە کارکردن لە وێستگەکە، دەتوانرێت بڕی هەزار میگاوات کارەبا بخرێتەوە سەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی لە وڵاتدا.

ئەوەش لە کاتێکدا ڕۆژی ٢١ مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، لە وێستگەی بوشەهر، کارکردن بەشێوەیەکی کاتی لە وێستگە راگیراوە و ، وێستگە ناتوانێت وزەی کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتیمانی دابین بکات، بێئەوەی هیچ ئاماژەیەک بکات بە سورشتی کێشەکە کە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی لەکارکەوتنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر، پرۆگرامی کارەبای نیشتیمان ئێران کێشەی بۆ دروستبوو، بەشێوەیەک چەند شارێکی ئێران لەوانەش تاران، ڕووبەڕووی پچرانی تەزووی کارەبا بووەنەوە.