دوای 20 ساڵ ئەمریکا ستراتیژیترین بنکەی سەربازی ئەفغانستانی چۆڵکرد

03/07/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕاگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی ئاسمانی باگرامی ستراتیژی، بە واتای پرۆسەی کشانەوەیان لە ئەفغانستان لە کۆتایی نزیکبووەتەوە.

ئەو سەرچاوەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێزانەی تری ئەمریکا کە ماون لە ناوخۆیی ئەفغانستان، زۆربەیان لە کابوڵی پایتەختن، ئەرکیشیان تەواوکردنی قۆناغەکانی کۆتایی پرۆسەی کشانەوەیەکەیە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، گەورەترین و ستراتیژیترین بنکەی ئاسمانی ئەفغانستانیان جێهێشتووە، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لە ناوخۆیی ئەو وڵاتە لەکۆتایی نزیک بووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا، بۆ بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی  کابوڵ تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ ڕێککەوتنێک، بەڵکو ژمارەیەک لە هێزەکانی ناتۆ لە فرۆکەخانەکە دەمێننەوە بۆپاراستنی.

بنکەی ئاسمانی باگرام، سەنتەرێکی سەرەکی و بنەڕەتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە لە ئەفغانستان، بە تایبەت کە بە درێژایی ماوەی شەڕ دژی ڕێکخراوی قاعیدە و تالیبان لە ساڵی ٢٠٠١ وە لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر.

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆش لەو بنکە سەربازییە ستراتیژییە، هێزەکانی سوپای ئەفغاسنان ئەرکی پاراستن و بەکارهێنانی دەگرنە ئەستۆ.

هەرچەندە بە گوێرەی لێدوانی سوپای ئەمریکا و ناتۆ، بڕیار بوو کۆتا هێزی ئەمریکا لە ١١ی ئەیلولی داهاتوودا بکشێنەوە، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاری کشانەوەی پێشوەختەی ئەوهێزانە درا.

لە بەرامبەریشدا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بزوتنەوەی تالیبان، بە سود وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنی و سەربازییەی کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ هاتووەتە ئاراوە، هێرشەکانی بەرفراوانکردووە، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا کۆنترۆڵی دەیان هەرێمی کردووەتەوە و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی ئەفغانستان ناچاربوون بەرگری لە ناوەندەیی شارە سەرەکییەکان بکەن بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی هێزەکانی تالیبان.

پسپۆڕانی بواری سەربازی لەو بڕوایەدان، پارێزگاریکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەفغانستان لە بنکەی ئاسمانی باگرام، خاڵێکی بەهێز و ستراتیژییە بۆ مانەوەی توانای ئەو هێزانە، چونکە بە لەدەستدانی مەترسی دەکەوێتە سەر کابوڵی پایتەخت و شارەکانی دەوروبەری.