بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دروشمێکی وڵاتەکە تورکیا گەنجێکی فەلەستینی دەستگیر کرد

03/07/2021
فۆتۆ: 

دەسەڵاتدارانی تورکیا گەنجێکی فەلەستینیان دەستگیر کرد، دوای ئەوەی سوکایەتی بە یەکێک لە دروشمەکانی دەوڵەتی تورکیا کردووە و بە نیازیشە لەو وڵاتە دەریبکات.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، پۆلیسی تورکیا گەنجێکی فەلەستینیان دەستگیر کردووە، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دراوی لیرەی تورکی.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پۆلیسی تورکیا (عەلی محەمەد نادر)یان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بەر لەوەی پارەی خواردنەکەی بدات لە یەکێک لە چێشتخانەکانی تورکیادا لە شاری ئیستەنبوڵ، لوتی پێ سڕیوە و ئینجا پارەکەی داوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، ئەو گەنجە فەلەستینییە لە یەکێک لە ئوتیلەکانی شاری ئیستەنبوڵ دەستگیر کراوە، بە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە یەکێک لە دروشمە سەروەرییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆیە دوای تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان، پۆلیس ئەو گەنجە ڕادەستی فەرمانگەی کۆچی تورکیا دەکات، بۆ ئەوەی بە زووترین لەو وڵاتە دەربکرێت.