هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر زیاتر لە 200 کۆمپانیای ئەمریکی
ژمارەیەک هاککەری نزیک لە ڕوسیا هێرشێکى فراوانی ئەلیکترۆنیان کردووەتە سەر سەدان کۆمپانیا و دەزگای ئەمریکی و زیانێکی زۆریان لێداون.
ماڵپەری بلومبێرگ بڵاویکردەوە، هێرشەکەی ئەو هاککەرە ڕوسییانە زیاتر ئەو کۆمپانیایانەی کردووەتە ئامانج کە خزمەتگوزاری بۆ کۆمپانیا ناوەنجی و بچووکەکان دابیندەکەن .
ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئەو هاککەرانە لە رێگەى هێرشەکانەوە گەیشتوونەتە ناو کۆمپیتەری تایبەتی کارمەندەکانی ئەو کۆمپانیایانەوە و زانیاری نهێنیان بردووە .
دیارترین ئەو دوو کۆمپانیایەی کراونەتە ئامانج هەر دوو کۆمپانیای سینکس و ئەفیتۆکس بوون کە لە ئەمریکا ناوبانگیان هەیە و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش دانی بە هێرشەکەدا ناوە.
ئەم هێرشەش لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەم دواییەی نێوان جۆبایدن و پۆتین باس لە هێرشە ئەلیکترۆنییانە کرا و بایدن لەو بارەوە هۆشداری دابووە ڕوسیا.
لەماوەی ڕابردووش لەلایەن هاککەرە ڕووسییەکانەوە چەندین هێرشی ئەلیکترۆنی کراونەتە سەر دام ودەزگا ئەمریکییەکان و ئەمەش زیانی زۆری پێگەیاندوون.
|