دەرمانێکی تێکەڵە لە جەستەی مرۆڤ و بەراز بەرهەمهێنرا

05/07/2021
فۆتۆ: 

تیمێک لە توێژەرانی ئیسرائیلی پەرەیان بە پێکهاتەیەکی تێکەڵە لە پێکهاتەی جەستەی مرۆڤ و بەراز داوە و تیایدا پێکهاتەکە هاوکار دەبێت لە پەرەپێدانی بەرگری لەشی مرۆڤ و پڕکردنەوەی کەمتوانایی جەستەی مرۆڤ.

شاهار کۆهین پزیشکە لە نەخۆشخانەی بیڵینسۆنی ئیسرائیل و تیمەکەی ئەو پەرەیان بەو تێکەڵە هاوبەشە داوە، لەو بارەیەشەوە شاهار کۆهین دەڵێت، "لەماوەی رابردوودا چەندین جار هەوڵدراوە کە پێکهاتە ئۆرگانییەکانی جەستەی ئاژەڵ لە نێو جەستەی مرۆڤدا بچێندرێت، بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی پێکهاتەکە لەلایەن جەستەی مرۆڤەوە هەوڵەکان سەرکەوتوونەبوون.

ئەو پزیشکە ئیسرائیلییە ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆکاری سەرەکی لە رەتکردنەوەی ئەو پێکهاتە ئاژەڵییە بۆ دەمارە ناوەکییەکانی گواستنەوەی خوێن لە مرۆڤدا دەگەڕایەوە، چونکە پێکهاتەکە خاڵی پەیوەندی نێوان ئۆرگانی گوازراوە  و جەستەی وەرگردا بووە، هەر بۆیە ئەوانیش بەدوای رێگە چارەیەکدا دەگەڕان بۆ دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی شوێنگرەوە لە دەمارە خوێنییەکانی جەستەی بەراز و شوێنگرتنەوەی بەو ئۆرگانانەی کە جەستەی مرۆڤ دەتوانێت وەریانبگرێت.

شاهار کۆهین لەبارەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکەوە دەڵێت، تیمە پزیشکییەکە هەستاون بە لابردنی پێکهاتەی ناوەکی خانە دەمارییەکانی جەستەی بەراز و لەبری ئەوەش پێکهاتەی جەستەی مرۆڤیان لە شوێنی داناوە، لەم رێگایەشەوە توانراوە دەرمانێکی تێکەڵ لە پێکهاتەی هەردوولا بەرهەمبهێنن.

ئەم تەکنیکە نوێیە بۆ ژمارەیەک ئۆرگانی جەستەی مرۆڤ بەسەرکەوتوویی بەرهەمهێنراوە و لەوانەش، دڵ، سی، پەنکریاس و جگەر. شاهار کۆهینیش هیوای وایە کە بتوانن بەسەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی دروستکردنی پێکهاتەی تێکەڵەی جەستەی بەراز و مرۆڤ ئەنجامبدەن.