لەترسی هێرشەکانی تالیبان وڵاتێکی هاوسێ ئەفغانستان هێزەکانی خستە ئامادەباشییەوە

05/07/2021
فۆتۆ: 

بەهۆی ئاڵۆزی و هێرشەکانی بزوتنەوەی تالیبانەوە، سەرۆکی کۆماری تاجیکستان وەزیری بەرگری وڵاتەکەی ڕاسپارد ٢٠ هەزار سەربازی وڵاتەکەیەوە بخاتە ئامادەباشییە، لە سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ ئەفغانستان.

سەرچاوەیەک لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی تاجیکستان بە ئاژانسی (نۆڤیستی ) ڕوسی ڕاگەیاندووە، وەزارەتی بەرگری راسپێردراوە ٢٠ هەزار سەرباز بخاتە ئامادەباشییەوە، بە مەبەستی پاراستنی سنوری وڵاتەکە لەگەل ئەفغانستان، بە تایبەت دوای فراوابوونی هێرشەکانی تالیبان لەدژی حکومەتی وڵاتەکەی.

ئەو ئامادەباشییە سەربازییەی تاجیکستان لە کاتێکدایە، سەرچاوەیەک لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، بزوتنەوەی تالیبانی ئەفغانستان لە ئێستادا کۆنترۆڵی لە ٧٠%ی سنوری نێودەوڵەتی نێوان هەردوو وڵاتەکەی کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حەمیدولا موحیب ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەفغانستان ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەت پلان دادەڕێژێت، بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە بۆسەر ناوچەکانی باکوری وڵات، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە بزوتنەوەی تالیبان دەستی بەسەردا گرتوون.

ئەوەش لە کاتێکدایە بەهۆی هێرشەکانی تالیبانەوە زیاتر لە هەزار سەبازی ئەفغانستان چوونەتە ناو خاکی تاجیکستانەوە و نەیانتوانیووە بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن.

ماوەی دوو هەفتە زیاترە بزوتنەوەی تالیبان لە پێشڕەوی بەردەوامدایە و توانیویەتی ناوچەکانی بەرفراوانی باکوری وڵاتەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە.