ئەمریکا: 90%ی کشانەوەی هێزەکانمان لە ئەفغانستان تەواو بووە

06/07/2021
فۆتۆ: 

سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ٩٠%ی پرۆسەی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناوخۆیی ئەفغانستان تەواو کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەی ناوەنیی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٧ دامەزراوەی ڕادەستی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان کردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی دوو هەفتەیە چەکدارانی بزوتنەوەی تالیبان، زنجیرەیەک پێشڕەویان تۆمارکردووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی باکوری ئەفغانستان چەندین بەڕێوەبەرایەتییان کۆنترۆڵکردووە، فشاری قورسیان هێناوە بۆ هێزەکانی حکومەت.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بنکەی ئاسمانی باگرامیان لە ئەفغانستان چۆڵکردووە، کە بە یەکێک لە بنکە ستراتیژییەکانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دادەنرێت و ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان بۆ کاری لۆجستی و سەربازی بەکاری دەهێنن.

پێشتریش کۆشکی سپی ڕایگەیاند، واشنتۆن پابەند بەو وادەیەی کە دیاریکردووە، بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان و تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کاتەکەیدا نەکراوە.