تەندروستى هەڵەبجە هۆشدارى دەدات لە بەرزبونەوەى توشبوانى کۆرۆنا
تەندروستى هەڵەبجە هۆشدارى دەدات لە بەرزبونەوەى ئامارەکانى توشبون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا و دەشڵێت: لە ئێستادا ١٣ نەخۆش لە نەخۆشخانەی وەفا لە ژێر چاودێری تەندروستین و زۆرینەیان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا تەندروستى هەڵەبجە دەشڵێت: ماوەى دوو هەفتەیە ئامارەکان لە هەڵکشاندان و هۆکارەکەشی بۆ پابەند نەبوونی هاوڵاتیان بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە دەگەڕێتەوە.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات بۆ ئەوەی توشی حاڵەتی ناخۆش و ناسۆر نەبن و مەرگی ئازیزانیان بە چاوی خۆیان نەبینن پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن .
دەقى ڕاگەیەندراوەکە:
نزیکەی دوو هەفتەیە ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەداخەوە لە پارێزگای هەڵەبجە زیادی کردوە .
زیاد بوونی ژمارەی نەخۆش و ژمارەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشیەکەیان بە توندی گرتوە ئەمەش بە هۆی پابەند نەبوونی هاوڵاتیان بە ڕێنماییە تەندروستیەکان، و دابەزینی ئاستی پابەند بوونی هاوڵاتیان بە ڕێنماییەکان بۆ ئاستێکی زۆر کەم.
لێرەوە داوا لە هاوڵاتیان و هاوشاریان و هاونیشتیمانیانی خۆشەویست دەکەین بۆ ئەوەی توشی حاڵەتی ناخۆش و ناسۆر نەبن و مەرگی ئازیزانیان بە چاوی خۆیان نەبینن پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەکان بن .
بەداخەوە لە ئێستادا ١٣ نەخۆش لە نەخۆشخانەی وەفا لە ژێر چاودێری تەندروستین و زۆرینەیان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیەو ٣ نەخۆشیان لە چاودێری چرن و ١٠ نەخۆشی دیکە لە قاوشەکانی کۆرۆنان .
بۆیە داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین بە پابەند بوون بە ڕێنماییە تەندروستیەکان و بەکارهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا و هەوڵبدەن بۆ سنوردار کردنی بڵاو بونەوەی ئەم نەخۆشییە .
ڕاگەیاندنی تەندروستی هەڵەبجە
|