فەرماندەیەکی سەربازی ئێران لە سوریا کوژرا

09/07/2021
فۆتۆ: 

ئاژانسی هەواڵی فارس نیوزی ئێرای بڵاویکردەوە، فەرماندەیەکی سەربازی ئێرانی لە تەقینەوەیەکدا لە شاری حەمسی سوریا کوژرا و بەگوێرەی زانیارییەکانیش گرووپی چەکداری داعش ئەو بۆمبەیان لەناوچەکەدا چاندووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەتەقینەوەیەکدا لە ناوچەی حمسی سوریا "رەزا سەفدەری" فەرماندەی باڵای سەربازی ئێران کوژراوە و بەگوێرەی زانیارییەکانیش، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبی چێندراوەوە بووە و گومانیش دەکرێت لەلایەن گرووپی چەکداری داعشەوە چێندرابێت.

لەساڵی ٢٠١١ەوە و بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی ئەمنییەت و ئاسایشی سوریا بەتەواوی تێکچوو و دواتریش لەکاتی سەرهەڵدانی گروپی چەکداری داعش، بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتە لە نێوان چەکدارانی داعش، هێزە کوردییەکان و سوپای تورکیا دابەشبوو، هاوکات دەستێوەردانی دەرەکی و بەتایبەتیش لەڕووی سەربازییەوە لەلایەن بەشێک لە وڵاتەکانی ناوچەکە و جیهانەوە لە سوریا هاتە کایەوە.

 لە ساڵی ٢٠١١ەوە و پاش سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا، زیاتر لە ٧ ملیۆن کەس لەناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون و نزیکەی ٥ ملیۆنی دیکەش پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپا بردووە، ئەوە جگە لەوەی کە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون و بە سەدان هەزار کەسیش برینداربوون.

مقتل مستشار إيراني في سوريا (صورة)