تارمایی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده له‌دوای پاشه‌كشه‌ی هێزه بیانییه‌كان له ئه‌فغانستان
هه‌رچه‌نده كشانه‌وه‌ی سه‌ربازی له ئه‌فغانستان شتێكی نوێ نییه، به‌ڵام واژۆكردنی كۆتایی له لایه‌ن جۆبایدنه‌وه كه تا كۆتایی مانگی سێبته‌مبه‌ر دوا سه‌ربازی بیانی بكشێنه‌وه بووه‌ته جێگه‌ی تێڕامانی شرۆڤه‌كاران و پێیان وایه تارمایی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده و دواجاریش -داعش- به‌ڕێوه‌یه، ئاخۆ ڕێككه‌وتنی دۆحه‌ی نێوان تاڵیبان و ئه‌مریكا چی به‌سه‌ر داهاتووی ئه‌فغانستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئهمریكاو ئه‌و وڵاته‌دا ده‌هێنێت؟
به‌رپرسه ئه‌منیه‌كانی رۆژئاوا له پاشه‌كشه‌ی هێزه بیانیه‌كان نیگه‌رانن، له‌ڕاستیشدا پاساوی دروستی خۆیان هه‌یه، به‌پێی فه‌رمانێك كه جۆبایدنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا واژۆی له‌سه‌ر كردووه سه‌رجه‌م هێزه سه‌ربازییه‌كانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ش جموجوڵ و وره‌یه‌كی زۆری به‌خشیوه‌ته بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان و به‌رده‌وام له پێشكه‌وتن دایه، به‌ڵام ترسی ئه‌و به‌رپرسانه ئه‌وه‌یه كه ئاخۆ ئه‌م هه‌نگاوه نابێته هۆی بوژانه‌وه‌ی ڕێكخراوه مه‌ترسیداره‌كه‌ی جیهان و جارێكی تر ئه‌لقاعیده نابێته‌وه هه‌ڕه‌شه بۆیان؟
ماوه‌یه‌كه بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان په‌ل دههاوێتهوه، شوێن داگیردهكاتهوه، حكومه‌تی كابولیش ده‌سته‌وسان ماوه‌ته‌وه‌و هیچی پێناكرێت، به‌شێك له‌به‌رپرسان ئه‌منیش له‌وڵات هه‌ڵدێن و خه‌ریكی خۆشاردنه‌وه‌ن، به‌رپرسانی ئه‌منیش پێیان وایه ئه‌و ڕه‌وشه له‌به‌رژه‌وه‌ندی بزوتنه‌وه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كانه و به‌دووری نازانن ئه‌لقاعیده سودمه‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و دۆخه‌بێت و نایشارنه‌وه تارماییه‌كانی هه‌ست پێكراوه، ئه‌گه‌ر داعش‌یش له‌وێوه سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه.
دكتۆر ساجان گۆهێڵ شرۆڤه‌كاری بواری تیرۆر‌و ئاسایش، به BBC) ) ڕاگه‌یاندووه : گومانی تێدا نییه كشانه‌وه‌ی بایدن له ئه‌فغانستان ڕێگه خۆشكردنه بۆ گه‌ڕانه‌وی ئه‌لقاعیده، به‌جۆرێك دوور نییه جارێكی تر هه‌رشوێنێكی بوێت له جیهاندا هێرشی بكاته سه‌ر.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بێت ئه‌وا گومانی تێدا نییه كه تاڵیبان كابول ده‌گرێته‌وه‌و حكومه‌ت دادهمهزرێنێتهوهو به‌رنامه‌ی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كه‌ی تێدا جێبه‌جێ ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له 1996 تا 2001 جێبه‌جێیان ده‌كرد، هه‌رچه‌نده تا ئێستا ڕایان نه‌گه‌یاندووه به هێزه‌وه بچنه سهركابولی پایته‌خت، به‌ڵام لاوازییه‌كانی حكومه‌ت ئه‌و ئاماژه‌یه هه‌ڵده‌گرێت.
یه‌كێكی تر له ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه نه‌یاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان به‌تایبه‌تی –داعش- كه ناوی ئه‌فغانستانی ناوه - ویلایه‌تی خۆراسان – سه‌رهه‌ڵبدات و به خێرایی جووڵه بكات و نه‌هێڵن ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی نێوان ئه‌مریكا و تاڵیبان بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و بۆ جارێكی تر گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی تری ناوخۆیی سه‌رهه‌ڵبداته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له 1988 به‌دواوه له‌نێوان موجاهیده‌كاندا ڕوویدا و ماڵوێرانیه‌كی زۆری بۆ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته هێنایه پێشه‌وه. ئه‌وه له كاتێكدایه كه ژینگه‌و پێكهاته‌ی جوگرافی ئه‌فغانستان زۆر له‌باره بۆ په‌ره‌سه‌ندنی داعش و له‌وێوه ببنه كێشه بۆ كابول و دواتریش نوێنه‌ران و دبلۆماتكاران.
له لایه‌كی تریشه‌وه تالیبان نه‌یشاردووه‌ته‌وه دوای كۆتایی هاتنی ماوه‌ی یاسایی چۆڵكردنی ئه‌فغانستان كه كۆتایی مانگی سێبته‌مبه‌ری ئه‌مساڵه هه‌ر سه‌ربازێك بمێنێته‌وه به‌چاوی دوژمنه‌وه لێی ده‌ڕوانن و به پێشێلكاری به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتنی دۆحه‌ی ناو ده‌به‌ن به پارێزه‌رانی فڕۆكه‌خانه‌ی كابولیشهوه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه بوونی دوو هێزی ئیسلامی گه‌وره‌ی له‌نێو ئه‌فغانستاندا (قاعیده و تاڵیبان) كه جیاوازییه‌كانیان زۆر كه‌من و لێكچوونهكانیان ئێجگار زۆرن، مایه‌ی نیگه‌رانی و ترسی پسپۆڕانی ئه‌منی رۆژئاواییه كه دۆخه‌كه تێكبدهنهوه، چوون ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه ئه‌و دوو هێزه لێك جودا ناكرێنهوهو ههویرێكن و پێكه‌وه شێلراون، ده‌قه ئاینیه‌كان، بواری كۆمه‌ڵایه‌تی، دوژمنی هاوبه‌ش، مێژووی پێكه‌وه ژیان ڕێگه به‌وه‌ناده‌ن له‌یه‌كتری جیابن و بكه‌ونه سه‌نگه‌رگرتن له‌یه‌كتری، هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ری پێكه‌وه‌بوون –با به‌نهێنیش بێت- زیاتره له دژایه‌تی و شه‌ڕكردن.
كاتی خۆیشی له‌دوای ڕووداوه‌كانی 11 سێبته‌مبه‌ر2001 وڵاتی ئه‌فغانستان له ڕێگه‌ی –تركی الفیصل-ی سه‌رۆكی ده‌زگای ههواڵگرییهكهیهوه داوای له بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبانی فه‌رمانڕه‌وا كردووه كه ئوسامه‌بن لادنی سه‌رۆكی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده‌یان ڕاده‌ست بكات، به‌و پێیه‌ی كه هاوڵاتییه‌كی سعودییه‌و تاوانێكی نێو ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه و به‌و شێوه‌یه‌ش له شه‌ڕو شۆڕ به‌دوور ده‌بن ، به‌ڵام تاڵیبان ڕه‌تی كرده‌وه‌و دواجاریش شه‌ڕێك به‌رۆكی گرتن كه 20 ساڵی ڕه‌به‌ق درێژه‌ی كێشا، به‌ڵام ئاماده نه‌بوون ئوسامه بن لادن ڕاده‌ستی سعودیه‌كان بكه‌ن.
هه‌ندێك له شرۆڤه‌كارانی تر به پێچه‌وانه‌وه بیرده‌كه‌نه‌وه‌و پێیان وایه تاڵیبانی 2021 هه‌مان ئه‌و تاڵیبانه نییه كه پێشتر هه‌بووه، له ئێستادا ئاماده‌ی گفتوگۆ‌و دروستكردنی په‌یوه‌ندیین له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاته‌كان و له ڕێككه‌وتنی دۆحهشدا به‌شێكی زۆر له‌و مه‌ترسییانه كۆتایی پێهێنراوه و واژۆیان له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه قاعیده ئه‌ندامه‌كانی خۆی بخزێنێته نێو ئه‌و حكومه‌ته‌ی كه تاڵیبان له‌داهاتوودا دروستی ده‌كات و له‌وێوه زیان به په‌یوه‌ندییه‌كان بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕێگه چاره‌ی خۆی هه‌یه‌و پێناچێت به‌و ئاسانی و ساده‌ییه بچێته سه‌ر.
هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌فغانستان وڵاتێكی هه‌ستیاری كیشوه‌ری ئاسیایه، چه‌ندین جار زلهێزه‌كانی دونیا داگیریان كردووه‌و دواجاریش چۆڵیان كردووه، له مه‌غۆل و تهتارهكانهوه بیگره تا روسیا و ئێستاش ئه‌مریكا، ئه‌وه‌ی كه ماوه‌ته‌وه وڵاتێكی وێران و گه‌لێكی قوڕبه‌سه‌ر و هه‌ژاره كه له‌نێو ململانێ سیاسییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كاندا به‌رده‌وام باجی داوه و له ئێستاشدا له‌چاوه‌ڕوانی قۆناغی دوای پاشه‌كشه‌ی ئه‌مریكادایه.
|