حکومەتی سوریا لە 50% موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی زیاد کرد

11/07/2021
فۆتۆ: 

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دوو مەرسومی دەرکرد بۆ بەرزکردنی موچەی فەرمانبەران و کارمەندانی کەرتی سەربازیی و خانەنشینانی وڵاتەکەی.

بە گوێرەی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا، کە ئەمڕۆ بڵاویکراوەتەوە، ئاماژە دەکات بە زیادکردنی موچەی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بە مەدەنی و سەربازییەوە بە ڕێژەی لە ٥٠%.

لە مەرسومەکاندا ئاماژە کراوە بە دیاریکردنی کەمترین موچەی کارمەند و کرێکار لە کەرتی تایبەتیش، کە مانگانە دەگاتە ٧١ هەزار و ٥١٥ لیرەی سوری.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری سوریا، موچەی خانەنشینی سەربازیی و مەدەنی لەو وڵاتەدا بەڕێژەی لە ٢٠% زیاد دەکرێت.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئەوە دووەمجار حکومەتی سوریا بڕیار لەسەر زیادکردنی موچەی فەرمانبەرانبەرانی دەوڵەت دەدات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش ئیدارەی خۆبەرێوەبەری لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا، موچەی بۆ کارمەندەکانی خۆی زیاد کرد.

بەهۆی شەڕی ناوخۆ و سەپاندنی چەندین گەمارۆی جیاجیاوە، بەهای لیرەی سوری بەتەواوی لە بەرامبەر زۆربەی دراوەکان بەتایبەت دۆلار بە تەواوی هەرەسی هێناوە، جگە لەوەش جەنگی ١٠ ساڵەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە زیانێکی گەورەی گەیاندووە بە ژێرخانی ئابوری سوریا و پێویستی بە سەدان ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی.

لە ئێستادا نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە ٢٥١٢ لیرەی سوری