حکومەتی هەرێم ئامادەیی بەهاناوەچوونی بریندارانی رووداوەکەی نەخۆشخانەی زیقاری دربڕی

13/07/2021
فۆتۆ: 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، دڵگرانبوون بە بینینی دیمەنی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگاری زیقار و هاوخەمی کەسوکاری قوربانییەکان و تەواوی وڵاتن، دەشڵێت، "وەزیری تەندروستیم راسپاردووە کە تەواوی هاوکاریی و خزمەگوزارییەکان بە بریندارانی رووداوەکە رەوانە بکات".

لەوبارەیەشەوە، لە پێگەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بۆ هاوکاریکردن و بەهاناوەهاتنی ڕوداووی سوتانی نەخۆشخانەی (حسین) لە شاری زیقار و سوتان و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری نەخۆش و هاوڵاتیان، پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و پارێزگاری زیقار و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی زیقار ئەنجامداوە.

سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چوارچێوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ ناردنی هەر پێداویستیەکی پزیشکی و پێشوازیکردنی برینداران و نەخۆشان بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێم و هاوکاریکردنیان .

شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی (ئەلحوسەین) تایبەت بە چارەسەکردنی تووشبوانی کۆرۆنا لە پارێزگای زیقار کەوتەوە، بەوهۆیەشەوە ژمارەی مردوان و برینداران بەردەوام بوو لەبەرزبوونەوە و، سەرلەبەیانی ئەمڕۆش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەشتە 70 کەس.

لەسەر رووداوەکەش، حکومەت هەریەکە لە حسێن تەمیمی وەزیری تەندروستی پێشووی عیراق و چەند لێپرسراوێکی دیکەی کەرتی تەندروستی لە نەخۆشخانەکە و وەزارەتی تەندروستی لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.