ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی روداوی نەخۆشخانەکەی ناسریە بەرزبۆوە بۆ 92 کەس

13/07/2021
فۆتۆ: 

فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسین، بەزبۆوە بۆ ٩٢ کەس و ٥٠ بریندار.

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق لە زاری فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای زیقارەوە بڵاویکردەوە، روداوەکە بە هۆی خراپ مامەڵەکردن بووە لەگەڵ بوتڵی ئۆکسجینەکان، کە بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا بەکارهێنراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بەشێکی کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی تەرخانکرد بۆ تاوتوێکردنی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسین لە زیقار، لەو بارەیەوە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی کارەساتی نەخۆشخانەکەی ناسریە لە ماوەی یەک هەفتەدا ڕادەگەیەندرێت.

کازمی وتی "ڕوداوەکەی دوێنێ ئاماژەیە بۆ شکستێکی بناغەیەکی لە پەیکەریی ئیداری دەوڵەتی عێراقیدا، بەشێوەیەک دەستنیشانکردنی هەڵەکان چاودێری ناکرێت و سودی لێوەرناگیرێت، لە کۆتایشدا هاوڵاتی دەبێتە قوربانی، بۆیە پێویستە پرۆسەیەکی چاکسازی ئیداری گشتگیر دەستپێبکرێت، گرنگترین هەنگاویش لەو بوارەدا جیاکردنەوەی ماری ئیدارییەلە هەژموونی سیاسی".