جارێکی تر هێرشکرایەوە سەر کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر لە سوریا

13/07/2021
فۆتۆ: 

بۆ دووەمجار لەسەر یەک لە ماوەی دوو ڕۆژ، جارێکی تر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناو کێڵگەی نەوتی (ئەلعومەر) بە کاتیۆشا هێرشی کرایەوە سەر.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، دوای هێرشەکە دووکەڵ لە دەوروبەری بنکەی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناو کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر بەرزبووەتەوە، کە دەکەوێتە ڕیفی دێرەزووری خۆرهەڵات.

بە گوێرەی ئاژانسەکە هێرشەکە بە دوو موشەکی کاتیۆشا ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە لەسەر زیانە گیانی و مادییەکانی هێرشەکەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆی سەر ئەو بنکەیەی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرا نەکراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێش بە هەمان شێوە هێرش کراوەتە سەر ئەو بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەری سوریا.

ڕۆژی ١١ی ئەم مانگەش بە هەمان شێوە بە چەند گولـلە هاوەنێک هێرشی کرایە سەر کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر، لە ڕۆژی ١٠ی مانگیشدا تەقینەوەیەک لە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی (کۆنیکۆ) ڕوویدا، کە بە گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی دادەنرێت لە ناوخۆیی سوریا.

هەفتەی ڕابردووش سێ جاری دیکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر.