موقتەدا سەدر دوو کەسی وەک راوێژکار لەدوای خۆی دیاریکرد
لەپاش کشانەوەی رەوتەکەی لەهەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراق، نوسینگەی موقتەدا سەدر لە نوسراوێکدا دامەزراندنی دوو کەسی وەک راوێژکاری سیاسی رەوتەکە راگەیاند.
بەگوێرەی نوسراوەکەی نوسینگەی سەدر، هەریەکە لە نەسار رەبیعی و محەمەد موسڵی وەک راوێژکاری سەدر دەستبەکاردەبن، ئەمەش دوای ئەوەی سەدر بڕیاری کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دا.
ئەمڕۆ، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، کە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق ناکەن و دەست لە حکومەتی ئێستا و داهاتوو دەکشێننەوە .
رێبەری رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لە عێراقدا روودەدات پلانێکە بۆ شکستپێهێنانی گەلەکەی، دەشڵێت، "ھۆشداری دەدەم؛ کە بەر لەوەی عێراق وەکو ئەفغانستان و سوریای لێبێت دەبێت گەندەڵکاران لە حوکمڕانی دووربخرێنەوە ."
بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی پەرلەمانی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا دەکەنەوە.
|