وادەی سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا ئاشکرا بوو

17/07/2021
فۆتۆ: 

لێپرسراوێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ڕۆژی ٢٦ ئەم مانگە جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی پێشوازی دەکات لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق .

لەدوای دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە دووەم جارە کازمی سەردانی واشنتۆن دەکات.

سەرچاوە نزیکەکان لە کازمییەوە کە ئاگادری سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقن ئاماژە بەوە دەکەن، کازمی کۆمەڵێک دۆسەی گرنگ لەگەڵ خۆی دەباتە ئەمریکا، دیارترینیشیان بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و بنیاتنانی وێستگەی کارەبا و ڕاھێنان بە ھێزە عێراقییەکان و بواری تەندروستی و فێرکردن .

بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، ھێزە سیاسییەکان بە تایبەت شیعییەکان، چەندین داواکاریان پێشکەش بە کازمی کردووە، بە مەبەستی ئەوەی بیانگەیەنێتە دەسەڵاتدارانی واشنتۆن، لە دیارترینیان کۆتایی ھێنان بە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕێگەدان بە کۆمپانیای دیکە بۆ کارکردن لە پرۆژەکانی بواری وزەدا .

لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا کازمی رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتوو، سەبارەت بە کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق .

لە ماوەی ڕابردووشدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، وڵاتەکەی داوای لە ئەمریکییەکان وئێرانییەکان کردووە، خۆیان بە دوور بگرن لەوەی عێراق بکەنە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان .

لەو بارەیەوە کازمی وتی "ماوەی چەند ساڵێک بوو ببووینە گۆرەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، بەو ھۆیەشەوە داوامان لە ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان کردووە، خۆیان بە دوور بگرن لەوەی عێراق بکەنە گۆرەپانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان، پێویستە ھەمووان ڕێگەی گفتوگۆ بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، چونکە ھەموان سوودمەندی دەبین لە بەرھەمی ئارامی و ھێورکردنەوە ".