کۆمسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی گشتی و تایبەتی ئاشکرا کرد
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ژمارەی کۆتایی ئەو کەسانەی کە بۆیان ھەیە دەنگ بدەن لە دەنگدانی گشتی و تایبەت و لە دایکبوانی نوێش .
جومانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی کۆمسیاران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ژمارەی کۆتایی دەنگدەرانی گشتی، کە ژمارەیان ٢٤ ملیۆن و٢٩٩ ھەزار و٢١ دەنگدەرە، کە سەرجەمیان خاوەنی کارتی بایۆمەتری و کارتی کاتی دەنگدانن .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی کۆمسیاران ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانی پەسەند کردووە، کە پێکھاتوون لە ٨٢٧٣ بنکە لە ناویاندا ٥٥ ھەزار وێستگە ھەیە .
وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، لەدایکبوانی نوێ لە ناو ئەو ٢٤ ملیۆنەدا، ٩٨٨ ھەزار و ٤٣٥ کەسن، کە لە دایکبوانی ٢٠٠١ و٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ دەگرێتەوە .
ڕوونیشیکردەوە کۆمسیۆن دوا کاری دەنگدەرانی تایبەتی تەواو کردووە، کە پێکھاتوون لە ھێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەزگای دژەتیرۆر و وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان .
غلای جەختیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان بە تەنھا دەبێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدەن، کە ژمارەیان یەک ملیۆن و ٧٥٧٢٧ کەسن، کە دابەشبوون بەسەر ٥٩٥ بنکە و ٢٥٨٤ وێستگەدا .
وتەبێژی کۆمسیۆن ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە بۆیان ھەیە دەنگ بدەن، گەیشتووەنەتە ١٢٠١٢٦ کەس کە بەسەر ٨٦ بنکەی دەنگدان و ٣٠٩ وێستگەدا دابەشبوون .
لە کۆتایی وتەکانید وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی دەنگدانی گشتی ١٠/١٠/٢٠٢١ و دەنگدانی تایبەتیش لە ٨/١٠/٢٠٢١ بەڕێوە دەچێت .
|