وەزیری بازرگانی سعودیە: پشتیوانی وەبەرهێنان دەکەین لە هەرێمی کوردستان

19/07/2021
فۆتۆ: 

ماجید قەسیبی وەزیری بازرگانی سعودیە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی وعێراق لە باشترین حاڵەتدایە، وڵاتەکەی پشتیوانی وەبەرھێنانیش دەکات لە ھەرێمی کوردستان .

میدیا عێراقییەکان لە زاری وەزیری بازرگانی سعودیەوە کە دوێنی لە سەردانێکی عێراقدا بووە بڵاویانکردەوە، فەرمان و راسپاردەی شا سەلمان پادشای سعودیە و محەمەد سەلمان جێنشین ھەیە، بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق لەسەر ھەموو ئاستەکان .

قەسیبی راشیگەیاند، سعودیە بە گشتی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکات، ھاوکات پشتیوانی ھەلی وەبەرھێنان دەکات لە ھەرێمی کوردستان .

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بازرگانی سعودیە جەختیکردەوە، تاوتوێی کردنەوەی دەروازەی دیکەشیان کردووە لەگەڵ عێراقدا، دوای ئەوەی کردنەوەی دەروازەی عەرعەر سەرکەوتنی بەدەستھێنا، لەو ڕوەوەشەوە شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی عێراق چاودێری دۆسیەی پەیوەندییەکان دەکەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ .

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری بازرگانی سعودیە جەختیکردەوە، لەڕگەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی سعودیەوە کۆمەکی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شارە ئازادکراوەکانی دەستی داعش دەکات .