ڤیدیۆ.. لەکاتی نوێژی جەژندا کۆشکی سەرۆکایەتی ئەفغانستان موشەکباران کرا

20/07/2021
فۆتۆ: 



ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، کاتێک بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەفغانستان سەرقاڵی ئەنجامدانی نوێژی جەژنن، هێرشێکی موشەکی کرایەسەر ئەو وڵاتە و تائێستاش نازانرێت قەبارەی زیانەکان چەندە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکاتێکدا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، کە سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەفغانستان سەرقاڵی ئەنجامدانی نوێژی جەژن بوون، سێ موشەک ئاڕاستەی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە کران.

دوای هێرشەکەش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان رایگەیاند، "تاڵیبان سەلماندوویەتی کە هیچ نییەت و ویستێکی بۆ ئاشتی نییە".

ئەم هێرشە، یەکەم هێرشی راستەوخۆی موشەکییە بۆسەر کابولی پایتەختی ئەفغانستان، دوای ئەوەی کە گروپی چەکداری تاڵیبان چەند کردەوەیەکی توندوتیژی لەو وڵاتەی ئەنجامدا، ئەمەش پاش ئەوەی کە هێزە سەربازییە بیانییەکان و بەتایبەتیش ئەمریکا بڕیاری کشانەوەیان لەو وڵاتەدا.