سەرۆکی هەرێم لە نێوان مام و برازادا

11/06/2020
فۆتۆ: 

هەرچەندە پۆستی سەرۆکی هەرێم لە سەرەتاى پێکهێنانییەوە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام ساڵێک پێش ئێستا، نێچیرڤان بارزانی کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی لە مامی وەرگرت و بووە دووەم سەرۆکی هەرێم لە مێژووی دروستبوونی ئەو پۆستەدا.

 پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕێککەوتنى نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دروستکرا و هەر لەو ساڵەشدا لەلایەن پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەرکرا، دروستکردنی ئەم پۆستە وەک هەندێک لایەن دەڵێن لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بوو لەلایەن مام جەلال سکرتێری کۆچکردووی یەکێتییەوە.

لە ٢٠٠٥، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراو، سەرەڕای کۆتایهاتنی ماوەی یاسایی پۆستەکەی و درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتییەکەی بۆ دووجار، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەدیاریکراوی لە ٢٩ی تشرینى یەکەمى ٢٠١٧دا، بەفەرمی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کێشایەوە، پۆستى سەرۆکى هەرێمیش لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵپەسێردرا تا ئەو کاتەى لە ساڵى ٢٠١٩ لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمدا بە ڕێککەوتنى نێوان لایەنەکان پۆستەکە چالاککرایەوە و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستەکە کاندید کرا.

لە ٢٨ی ئایارى ساڵی رابردوودا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە و لەنێو چوار کاندیدی دیکەدا، نێچیرڤان بارزانى بە زۆرینەى دەنگى پەرلەمانتاران بە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا کە له‌ كۆی 81 ئه‌ندامى په‌رله‌مانی ئاماده‌بوو 68 ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، بەمەش بووە دووەم سەرۆکی هەرێم، ڕۆژى 10ى حوزەیرانیش لە بەردەم پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە میوانانى ناوخۆ و بیانى لە هۆڵى سەعد عەبدوڵا سوێندى یاسایی خوارد.

مەسعود بارزانی، ماوەی 12 ساڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو کە 10 ساڵى یەکەم پاڵپشت بوو بە یاسا و ڕێککەوتنى لایەنەکان، بەڵام دوو ساڵى کۆتایی نەتوانرا ڕێککەوتنى لایەنەکان لەسەر پۆستەکەى بکرێت و پاڵپشتى یاساییشى نەما، سەربارى ئەوەش بارزانى ئامادەنەبوو دەستبەردارى پۆستەکەى بێت کە بەهۆیەوە کوردستان تووشى چەندین قەیران بووەوە.

لەو ماوەیەی کە مەسعود بارزانى سەرۆکایەتی هەرێمی دەکرد یەکێک لەو گلەییانەی لێی دەکرا ئەوەبوو، بەبێ گەڕانەوە بۆلایەنە سیاسییەکانی هەرێم و ڕاوێژپێکردنیان بڕیاری سیاسی دەدات، وەک بەشێک لەو لایەنە سیاسییانە لەوکاتەدا باسیان دەکرد، ئەو جۆرە لە بڕیاردان بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی هەرچەندە ماوەى ساڵێکە لە پۆستەکەى دەستبەکاربووە بەڵام لایەنگرانی پێیانوایە، هەر لەسەرەتاوە هەوڵیداوە ویلایەتی سەرۆکایەتییەکەی جیاواز لە ویلایەتەکانی دیکەی سەرۆکایەتی هەرێم نیشان بدات، ئەویش بەوەی لەماوەی ئەم ساڵەی تەمەنی سەرۆکایەتی هەرێمدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا کردووە و بەشێک لەو کۆبوونەوانەش لەسەر ئاستی سەرۆکی حزبەکان بووە، هەروەها بە پێچەوانەى کۆبوونەوەکانى پێشووى سەرۆکایەتى هەرێم لە سەردەمى بارزانى مامدا، کەمترین لایەن بایکۆتى کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانییان کردووە.

بەشێک لە کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانى لە سەرۆکایەتی هەرێم تایبەت بووە بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، ئەمەش جیاوازە لەو کاتەی کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی هەرێمی دەکرد کە کەمترین کۆبوونەوەى لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانى پەرلەمانى عێراق دەکرد و بەڵکو زیاتر لەگەڵ فراکسیۆنى حزبەکەى لە پەرلەمانى عێراق کۆدەبووەوە.

بابەتی جێگرەکانی سەرۆکی هەرێم، هەر لەسەرەتاوە بە کێشە بۆ ویلایەتەکەی نێچیرڤان بارزانی دەستی پێکرد، بەوەی یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمیان بە بەرکەوتەی خۆیان دەزانی، بەڵام دواجار لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت و لایەنگرانیشی ئەمە بە خاڵێکی جیاکەرەوەی ویلایەتەکەی نێچیرڤان بارزانی لە هەردوو ویلایەتەکەی مەسعود بارزانی مامی دادەنێن و پێیان وایە لەم ڕێگەیەوە نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی باڵانس لە نێوان هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕاندا دروست بکات.

هەروەها نێچیرڤان بارزانى ئەرکەکانى لە نێوان جێگرەکانى دابەشکردووە و هەریەکە و دۆسییەکى پێ سپاردوون کە ئەمەش بە پێچەوانەى سەردەمى بارزانییەوەیە کە ڕەخنەى ئەوەى لێ دەگیرا کەمترین دەسەڵاتى دەدا بە جێگرەکەى.

بارەگاى سەرۆکایەتى هەرێم یەکێکە لە خاڵە جیاوازەکان کە پێشتر هیچ بارەگایەکى نەبوو، مەسعود بارزانى بارەگاکەى خۆى لە سەرى ڕەش کردبووە سەرۆکایەتى هەرێم، بەڵام نێچیرڤان بارزانى بینایەکى بۆ سەرۆکایەتى هەرێم لە شارى هەولێر دروستکردووە و لە هەمان شوێن جێگرەکانیشى دەوام دەکەن.

ئامادەبوونى نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەى لە پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت، یەکێکی دیکەیە لەو خاڵانەی کە لایەنەگرانی بە گرنگییەوە باسی دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر لایەنەکان ئامادە بوون هەموو ڕێککەوتنێک لەگەڵ پارتییدا بکەن بەو مەرجەى سەرۆکى هەرێم لە پەلەمانەوە هەڵببژێردرێت، بەڵام پارتى و بارزانى ئامادەنەبوو مل بۆ ئەو داوایە بدەن.

لە بەرامبەر ئەمانەشدا، ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێمی نێچیرڤان بارزانی هەر لە ڕۆژی سوێندخواردنییەوە ڕوبەڕووی شەپۆلێک لە ڕەخنە بوویەوە بەتایبەت دوای ئەوەی پرۆسەی سوێندخواردنەکەی برایە دەرەوەی بینای پەرلەمان.