ئیدارەى گەرمیان چەند بڕیارێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەردەکات

28/07/2021
فۆتۆ: 

ژوورى ئۆپەراسیۆنى ئیدارەى گەرمیان چەند بڕیارێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەردەکات و لەپێى بڕیارەکانیش، پێویستە كارمەندانی مۆڵ، بازاڕەكان، شوێنە ئاینییەكان، چێشتخانە، كافتریا، هوتێل و شوێنە گەشتیارییەكان ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن یان تێستی 72 كاتژمێرییان پێبێت.

هاوکات، سەردانیكەرانی فەرمانگەكانیش بەبێ بەكارهێنانی بابەتی خۆپارێزی مامەڵەكانیان رایی ناكرێت، لەپێویسایشى دەزانێت، گەشتیاران لە رێگەی بازگەكان و مەرزی پەروێزخانەوە كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتبێت یان بەڵگەنامەی تێستی (48) كاتژمێری كۆرۆنایان پێبێت .

دەقى بڕیارەکانى ژوورى ئۆپەراسیۆنى ئیدارەى گەرمیان بۆ بەرەنگاربونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا:

رۆژی (28/7/2021) ژوری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەسەرپەرشتی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێزان ئەندامانی ژوور، كۆبونەوەیەكی تایبەتی ئەنجامدا، بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و گرتنەبەری رێكارە پێویستەكان بۆ خۆپارێزیی و وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، لە كۆتایی كۆبونەوەكەشدا ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە دران .

1. پێویستە كارمەندانی مۆڵ، بازاڕەكان، شوێنە ئاینییەكان، چێشتخانە، كافتریا، هوتێل و شوێنە گەشتیارییەكان ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن یان تێستی 72 كاتژمێرییان پێبێت، بەپێچەوانەوە شوێنەكان دادەخرێن و مۆڵەتی كاركردنیان بۆ نوێ ناكرێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم خاڵەی سەرەوە ئەم رێكارانەدەگیرێتەبەر .

ا. لیژنەیەكی هاوبەشی ئیدارەی گەرمیان، تەندروستی گەرمیان، قایمقامیەتەكان پێكدەهێنرێت بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێوست بۆ رێكخستنی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاكسین .

ب. لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتەكان چاودێری ووردی سەرجەم ئەو شوێنانە دەكەن بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاكسین .

2. پێویستە سەرجەم فەرمانبەران و كارمەندانی ناوخۆ ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن و رێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن هاوكات سەردانیكەرانی فەرمانگەكانیش بەبێ بەكارهێنانی بابەتی خۆپارێزی مامەڵەكانیان رایی ناكرێت، بۆ وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن فەرمانبەرانەوە هەمان لیژنەی سەرەوە كاروباری رێكخستنی پرۆسەكە ئەنجام دەدات .

3. دەبێت گەشتیاران لە رێگەی بازگەكان و مەرزی پەروێزخانەوە كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتبێت یان بەڵگەنامەی تێستی (48) كاتژمێری كۆرۆنایان پێبێت .

4. هەموو كۆنفرانس و كۆڕ و كۆبونەوە رۆشنبیری و زانستی و كۆمەڵایەتی و بوارەكانی تر كە ببێتە هۆی دروستكردنی قەرەباڵغی بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە .

5. مەلەوانگە و سەرجەم شوێنە گشتیەكان بە كراوەیی دەمێننەوە بە رەچاوكردنی رێكارە تەندروستی و خۆپارێزییەكان .

6. رێگە بەدانانی پرسە نادرێت لەنێو گەڕەك و ماڵاندا بەپێچەوانەوە لایەنی سەرپێچیكار رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر .

7. مزگەوت و شوێنە ئاینییەكان بە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی كراوە دەبن بەپێچەوانەوە لەكاتی پابەند نەبوون بە رێنماییەكان دادەدەخرێن .

8. ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان داوا لەكەناڵەكانی راگەیەندن (بینراو، بیستراو، تۆڕی كۆمەڵایەتی) دەكات هاوكار بن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی خۆپارێزی و هاندانی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا .

9. پێویستە هاوڵاتیان لەكاتی گیانلەدەستدانی كەسوكاریان بە پەتای كۆرۆنا، پابەندبن بە رێكارەكانی تەندروستی بۆ شۆردنەوەی مردوو كە لەناو نەخۆشخانەی قەڵا ئەنجامدەدرێت .