تەمموز مانگی گەرما و کودەتای سەربازی!

29/07/2021
فۆتۆ: 

مانگی تەمووز (یۆلیۆ-تەموز)جگە لە گەرما تاقەتپڕوکێنەکەی –لە ھەندێک وڵاتدا- بە مانگی کودەتای سەربازیی ناوی دەرکردووە، لەبەر ئەوەی لە بەشێکی وڵاتانی جیھاندا کودەتای سەربازیی کراوەو بەشی زۆریان (١١ کودەتا) سەرکەوتوو بوە و بەشێکی تریشیان(٥ کودەتا) ئامانجی نەپێکاوە و شکستیان ھێناوە.

دەگێرنەوەی کە ئیمبراتۆری ڕۆمانی (یۆلیۆس قەیسەر- ١٢ تەمووزی ١٠٠ ساڵ پێش زایین تا ١٥ مارتی ٤٤ ساڵ پێش زایین ژیاوە) و رۆمانیەکانیش ئەو مانگەیان بەناوی ئەوەوە ناوناوە -یۆلیۆ- لە ڕوداوێکدا کوژراوە کە ناوی کودەتایان لێناوە، لە نێو ئەنجومەنی پیرانی ئیمبراتۆریەتەکەیدا لە لایەن نەیارەکانیەوە درایە بەرچەقۆو پاش ماوەیەک لە ژێر کاریگەری برینەکەیدا گیانی لەدەستداوە.

لە ڕووی سروشتییەوە مانگی  –تەمووز-  بە مانگێکی گەرم لە ھەندێک لە وڵاتان ئەژمار دەکرێت و تیایدا پلەکانی گەرما بەرزترین ئاستی خۆی تۆماردەکات، لە ھەمان کاتیشدا لە بەشێکی وڵاتانی جیھاندا ھەڵگەڕانەوەی سەربازی و کودەتا ڕویانداوە و بەشێکی زۆریشیان سەریان گرتووەو وڵاتانی عەرەبیش پشکی شێریان لە گەرماکەو لە کودەتاکانیش بەرکەوتووە.

کودەتا شکست خواردووەکان:

بە پێی سەرچاوە مێژوییەکان ئەو کودەتایانەی کە سەریان نەگرتووەو شکستیان ھێناوە ژمارەیان پێنج کودەتا بووە، یەکەمیان لە وڵاتی کوبای سەر بەر ئەمریکای لاتینی پێش لە ٦٨ ساڵ پێش لە ئێشتا و بەدوای ئەودا سوریا و پاشان لە سودان و پاشتر لە وڵاتی مەغریب و کۆتا کودەتای شکستخواردووش لە ساڵی ٢٠١٦ دا لەوڵاتی تورکیا بووە.

کوبا
دوای ئەوەی جەنراڵ فولخینسیو باتیستا لە ساڵی ١٩٥٢ بەتەواوی دەستی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتی کوبادا گرتبوو ڤیدڵ کاسترۆ کە ئەوکات تەمەنی تەنھا ٢٦ ساڵ بووە ڕادیکاڵییانە سەرقاڵی دژایەتی کردنی دەسەڵاتەکەی بوو، ھەربۆیە بڕیاری ھاتە سەر ئەوەی ناڕەزایەتیەکانی دژ بە دەسەڵات فرانتر بکات، ئەم کارەی لەڕیگەی برا و ھاوڕی و کەسە متمانەپێکراوەکانی خۆیەوە دەستپێکرد کە ژمارەیان دەیان کەس بوو، ئەو باوەڕی وابوو پێویستە ئەو ڕژێمەی فەرمانڕەوایی کوبا دەکات دەبێت سەرەوژیر ببێتەوەو بۆئەو مەبەستەش پێویستی بە کودەتا و ھەڵگەڕانەوەی سەربازییە لە دژی رژێمی فەرمانڕەوای وڵات.

دوای ئەوەی بە نھێنی دەستیان دایە ڕاھێنان و بەکارھێنانی چەک، رۆژی ٢٦ تەمووزی ١٩٥٣ ژمارەیەک چەکدار بە جل و بەرگی سەربازییەوە ھەڵیان کوتایە سەر سەربازگەی مۆنکادا، بەڵام چالاکییەکە شکستی ھێناو کەوتنە نێۆ ئابڵۆقەی سوپای دەوڵەت، پاش ئەوەی لە ڕووبەڕوی چەکدارییدا دەیان کەسیان لێکوژرا، ئەوەی کە مایەوە دەستگیرکراوە لە ئەنجامی سزاو لێدان و ئەشکەنجەدا بەشێکی زۆریان گیان لەدەستدا، بەڵام ڤیدڵ کاسترۆ بەھۆی دەستێوەردانی بەرپرسێکی باڵای سەربازیی بەناوی بیدرۆ ساریا ڕزگاری بوو، لەکاتێکدا سەربازەکانی دەیانویست گڕی تفەنگەکانیان ڕوو لەکاسترۆ بکەن ھاوری کرد بەسەریاندا – تەقەمەکەن، تەقە مەکەن، بیروباوەڕ ناکوژرێت.

لە کۆتاییدا کاسترۆ ١٥ ساڵ زیندانی بۆبڕایەوە، بەڵام تەنھا ١٨ مانگ تێیدا مایەوەو کەوتە بەر بڕیاری لێخۆشبوونی حکومەت، کاتێکیش لە ساڵی ١٩٥٥ لە زیندان ئازادبوو، بزوتنەوەی تەمووز (ئێم ٢٦/٧)ی دامەزراند و درێژەی بە خەباتی دژ بەدەوڵەت .

سوریا :
لوئەی ئەتاسی بەشداریی کرد لە کودەتا سەربازییەکەی سەرۆک ئەدیب شیشەکلی کە لە ساڵی ١٩٥٤ حکومەتی دروستکردبوو لە ٢٣ مارتی ١٩٦٣ بووە سەرۆک کۆماری سوریا، بەڵام لە ١٨ تەمووزی ھەمان ساڵدا ڕووبەڕووی کودەتایەکی سەرنەکەوتوو بوەیەوە، بەڵام دوای کەمتر لە ١٠ رۆژ لە کودەتاکە دەستی لەکار کێشایەوە .

جەعفەر نومەیری لە ساڵی ١٩٦٩ بەھۆی کودەتایەکەوە گەشتە سەر کورسی دەسەلات، ھەر لەو کاتەوە ڕووبەڕووی چەندین کودەتا بووەتەوە ، یەکەمیان لە مانگی تەموزی ١٩٧١ بوو کە بە کودەتاکەی ھاشم عەتا بەناوبانگە.
بەڵام نومەیری و ھاوڕێکانی دوای چوار رۆژ دژی کودەتاکە وەستانەوەو سەرکوتیان کرد، ئەوانەی بەشداری کودەتاکەیان کردبوو لە باشووری خەرتوومی پایتەخت لەناوچەی -الشجرە-ی سەربازیی دادگایی سەربازی کران و فەرمانی لە سێدارەدان بۆ کودەتاچییەکان دەرچوو، ھەریەک لە سکرتێری حیزبی شیوعی سودان عبدالخالق محجوب، ھاشم عەتا ، فاروق حەمەدەڵا، شەفیع ئەحمەد ئەلشەیخ، و ژماریەکی زۆر لە ئەفسەرانی سەربازیی ئەوانەشی کە تاوانی کەمتریان درابوویەوە پاڵ خرانە زیندانەوە ، لێرەوە دوژمنایەتی و نەیاری توند دەکەوێتە نێوان حیزبی شیوعی و دەسەڵاتی جەعفەر نومەیری لە سودان.

مەغریب:
لە رۆژی ١٠ تەمووز  و ٥٠ ساڵ لەمەوبەر دۆخی کۆشکی پاشایەتی کەدەکەوتە سەر شەقامێکی سەرەکی لە ڕیباتی پایتەختی مەغریب، لە خۆشی و ئاسودەییەوە گۆڕا بۆ دۆخێکی ناھەموار، ئەو ئاھەنگەی بۆیادی لەدایکبوونی مەلیک حەسەنی دوووەم سازکرابوو ، گۆڕا بۆ دۆخێکی پڕ لە ترس و بۆنی مەرگ لە بری بۆنەخۆشەکان سەرتاسەری کۆشکی گرتەوە.

بەرپرسی پارێزەرانی کۆشک جەنراڵ محەمەد مەزبوح و بەرپرسی فێرگەی سەربازیی –ھرمومو- محەمەد ئەعبابوو سەرکردایەتی کودەتایەکیان کرد و بەشێکی زۆر لە قوتابیانی فێرگە سەربازییەکە بەشدارییان تیدا کرد، بە بێ ئەوەی ئاگادارکرابن کە ئەو کارەی ئەوان  ئەنجامی دەدەن کودەتایە لە دژی مەلک حەسەنی دووەم.

بەپێی سەرچاوە مێژوییەکان لە ساڵی ١٩٧١ دا کودەتاکە کراوە بەڵام لە بەر ئەوەی ھەماھەنگی تەواو لەنێوان ئەعبابوو و مەزبوحدا نەبوو، بووە ھۆی شکستی کودەتاکەیان ، لەبەر ئەوەی مەزبەح لایەنگری ئەوە بوو کودەتاکە سپی بێت و ھیچ خوێنی تێدا نەڕژێت، بەڵام ئەعبابوو فەرمانی تەقەکردنی دەرکردو بووە ھۆی ئەوەی ژمارەیەک میوانی ناو کۆشک بکوژرێت لەناو ئەو کۆشکەدا کە پێیان دەگوت کۆشکی خیرات.

دوای تەنھا ٣ کاتژمێر لە کودەتاکەو ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی ناوکۆشک و مەلیک حەسەنی دووەم کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە لە کودەتاکە بە سەلامەتی دەربازی بوو.. فەرمانی کرد بە وەزیری بەرگری محەمەد ئۆفەقیر کارەکان بگەڕێنێتەوە سەر سکەی خۆی، لە ڕووداوەکەدا ١٣٠ کەس کوژران، ١٠ ئەفسەری سەربازی لە سێدارە دران و لەناویاندا چوار ئەفسەری پلە باڵا ھەبوون بە پلەی جەنراڵ و ژمارەیەکی زۆری فێرخوازە سەربازییەکانیش ڕاپێچی زیندان کران.

ھەرلە دوای کودەتاکە فەرمانکرا بە داخستنی فێرگەی سەربازیی ٠ھرمومو- تەنانەت ناوی شارەکەکشیان گۆڕی کە دەکەوتە ٢٥٠ کیلۆمتری ریباتی پایتەخت و ھرمومو یان کردە -رباگ الخیر-.

تورکیا:
لە ساڵی ١٩٦٠ ەوە تا ئێستا ٥ کودەتا لە تورکیا ڕویانداوە، ھەموویان سەرکەوتنیان بەدەست ھێناوە ئەوە ١٥ تەمووزی ٢٠١٦ نەبێت و لەلایەن دەسەڵاتەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕوی بوونەوە.
بە پێچەوانەی کودەتاکانی ترەوە کە تورکیا بەرەو دیموکراتیەت و فرەیی و ئازادی زیاتر دەبرد، ئەمجارەیان زۆرترین توندوتیژی تێدا ئەنجام درا و کودەتاچیەکان سەرکوتکران.

بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی تورکیا کودەتاکە لە لایەن دەستەیەک لە ئەفسەرە سەربازییەکانی سەر بە ڕێکخراوەکەی فەتحوڵاگولەن ئەنجام دراوە، کە وەک حیزبێکی تیرۆریست و قەدەغەکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و دەستیان گرت بەسەر ھەندێک شوێنی ئەمنی و ڕاگەیاندن دا، کودەتاکە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕوبەڕی بوونەوەو کۆبوونەوەی فراوان و خۆپیشاندانی گەورەی لە شارە جیاجیاکانی تورکیادا بۆ ڕێکخرا، بەھۆی فراوانی خۆپیشاندەرانەوە زرێپۆش و سەربازە بێشومارەکان ناچار بە پاشەکشە کران.

کودەتا سەرنەکەوتووەکە کە تەنھا ١٥ کاتژمێری خایاند ، بووە ھۆی کوژرانی ٢٥١کەس و ٢٢٠٠ کەس .

کودەتا سەرکەوتووەکان:
ئەو کودەتا سەرکەوتووانەی کە لەم مانگەدا ڕوویانداوە ١٥ کودەتان و دەستیان گرتووە بەسەر دەسەڵاتدا ولە ساڵی ١٩٥٢ی میسرەوە دەستپێدەکات و بە میسری ٢٠١٣ کۆتاییان دێت.

میسر:
یەکەم کودەتای سەرکەوتوو لە میسر لە مانگی تەموزدا بەسەرکەوتوویی کۆتایی ھات.
یەکەم کودەتای میسر لە ٢٣ تەموزی ساڵی ١٩٥٢ لە لایەن ژمارەیەک ئەفسەری سوپاوە ئەنجام دراوە کە ڕێکخراوێکیان ھەبوو بەناوی ئەفسەرانی ئازادیخواز -"الچباگ الڕحرار"،بەسەرکردایەتی لیوا محەمەد نەجیب، ڕێکخراوەکە سەرکەوت بەسەر دەسەڵاتی مەلیک فاروق دا و ھەموو دەسەڵاتەکانی لێسەندەوەو ناچاری کرج وڵات بەجێبھێڵێت و ڕوو لە ھەندەران بکات. 
بەڵام ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لەنێوان محەمەد نەجیب و مەلیک فاروق دا ڕوویدا، ھەرچەندە نەجیب باوەڕی وابوو کێشەکان بە ھەڵبژاردن یەکلایی بکەنەوە بەڵام دووەم توانی دەسەڵات بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە و نەجیب لە کۆشکی –زەینەب- زیندانی بکات و تا کاتی مردنی ڕێگەی ھاتنە دەرەوەی بدات.

لە تەموزی ٢٠١٣ ش دا، وەزیری بەرگریی میسر فەریق عەبدولفەتاح سیسی کودەتایەکی سەربازیی ئەنجام دا لە دژی یەکەم سەرۆکی ھەڵبژێردراوی وڵات کۆچکردوو موحەمەد مورسی سەر بە ئیخوان موسلمین،  لە یەکەم بەیاننامەی کودەتاکەدا مورسی لەسەر دەسەڵات لادا و کردیە زیندانێکەوە کە شوێنەکەی نادیار بوو، ھەروەھا سیسی فەرمانی دەرکرد بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئیخوان موسلمین ودواتر دادگایی کردو ژمارەیەکی زۆری لەسێدارەدان.
ئەم کارە میسرییەکانی دابەش کردبوو بەسەر دوو بەرەدا، ھەندێک ناویان لێنا کودەتا و ھەندێکی تریش ناویان لێنا بەدەمەوەچوونی ملیۆنەھا ھاوڵاتی میسری کە توڕە بوون لە حوکمی موحەمەد مورسی بەو پێیەی کە نوێنەرایەتی ئیخوان موسلمینی دەکرد و دواتر لە ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ لە سەر کار لابراو لە کورسی سەرۆکەوە خرایە کونجی زیندان.

عێراق:
لە رۆژی ١٤تەمووزی ١٩٥٨ کودەتایەکی سەربازیی کراوەو ناوی شۆڕشی ١٤تەموزی لێنراوە ، لەڕێگەی ئەو کودەتایەوە کۆتایی بە بنەماڵەی پاشایەتی عێراق ھاتووە کە لە لایەن بنەماڵەی ھاشمیەکانەوە بەڕیوە دەچوو مەلیک فەیسەڵی یەکەم لە لایەن دەسەڵاتی بەریتانیەکانەوە دانرابوو، لە ئەنجامی کودەتاکەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانی شاھانە کوژران لەسەروو ھەموویانەوە مەلیک فەیسەڵی دووەم کە تەمەنی تەنھا ٢٣ ساڵ بوو لە ناو عیراقیەکاندا بە مەلیکە بچکۆل بەناوبانگە لەگەڵ عەبدولئیلای خالۆیدا کە وەک وەسی و بەڕیوەبەری کارەکانی بوو، لەگەڵ نوری سەعیدی سەرۆک وەزیران دا.

کودەتاکە لە لایەن عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارفەوە بەڕیوە دەبراو ڕێکخستنێکیان ھەبوو بەناوی ئەفسەرانی ئازادیخوازو لەو کاتەوە سیستمی حوکمی عێراق لە پاشایەتییەوە گۆڕاوە بۆ کۆماری و ئەم سیستمەش لە ١٩٥٨ ەوە بەردەوام بووە تا ساڵی ٢٠٠٣.

کودەتای بەعس:
رۆژی ١٧ تەموزی ١٩٦٨ کودەتایەک لە لایەن بەعسییەکانەوە ئەنجام درا کۆتایی بە سەرۆکایەتی عەبدولڕەحمان عارف ھات و لەو ڕێگەیەوە حیزبی بەعس کەوتە دەستی کە دواتر ئەو کودەتایە بە شۆڕشی سپی ناوی ھات لەبەر ئەوەی کەسی تێدا نەکوژرا، کودەتاکەش بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکرو جێگرەکەی سەدام حسین و زیاب عەلکاوی بوو.

جەزائیر:
یەکەم کودەتای جەزائیر لە رۆژی ٢٢تەموزی ساڵی ١٩٦٢ ئەنجام دراوە، لە دژی حکومەتی کاتی یوسف بن خەدە، سەرکردایەتی کودەتاکە لە لایەن ئەحمەد بن بیلەوە بوو.

لە مانگی نیسانی ١٩٦٣ ئەحمەد بن بیلە بووە سکرتێری بەرەی ڕزگاریی جەزائیر، دواتر لە ٢٢ سێبتەمبەری ھەمان ساڵدا بووە سەرۆک کۆمار بۆماوەی ٥ ساڵ و لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بەرپرسیارێتی تریشی ھەبووە لەوانەش ، سەرکردەی باڵای ھێزە چەکدارەکان، لە کۆنگرەی حیزبی بەرەی ڕزگاریخوازی جەزائیریشدا لەمانگی نیسانی ١٩٦٤ بووە ئەمینداری حیزب و سەرۆکی نوسینگەی سیاسی حیزبەکە.

بوروندی:
رۆژی ٨ تەموزی ١٩٦٦ میشال موکیمبیرو یەکەم کودەتای سەربازی لە وڵاتی بوروندی لە دژی مەلیک نەتاری پێنجەم ئەنجام دراو تا ساڵی ١٩٧٦ حوکمی وڵاتیان کرد و ناوبانگی بە دیکتاتۆریش لە مێژوودا تۆمار کراوە لەبەر ئەوەی چەندین کاری دژە مرۆیی ئەنجام داوەوھەزاران کەس لەسەردەمی دەسەڵاتەکەیدا کوژراون.

ئەفغانستان:
لە رۆژی ١٧ تەموزی ١٩٧٣ کودەتایەک بە سەرۆکایەتی محەمەدزاھیر شا لە دژی محەمەد داودخان ئەنجام دراوەو بەھۆی کوودەتاکەوە کۆتایی بە ڕژێمی پاشایەتی ھاتووەو زاھیر حوکمی ئەفغانستانی کردووە تا لە ساڵی ١٩٧٨ وە تیرۆر کراوە.

قوبروسی یۆنان:
لە ١٥ تەموزی ١٩٧٤ کودەتایەکی سەربازیی ڕویدا و بووە ھۆی لادانی سەرک –مکاریوس- لە پۆستەکەی، سوپای تورکیا دەستێوەردانی لە دورگەکەدا کرد بۆئەوەی پارێزگاریی لە تورکەکان بکات لە رۆژی ٢٠ تەموزدا، لەو رۆژوە دورگەی قوبروس بووەتە دوو بەش، بەشێکی سەربە دەوڵەتی یۆنانەوە و بەشەکەی تریش تورکیا حوکمی دەکات.

پاکستان:
رۆژی ٥ تەموزی١٩٧٧ حەنراڵ محەمەد زیائەلحەق کودەتایەکی سەربازیی ئەنجام دا  و حکومەتی زولفەقار عەلی بۆتۆ ی لەسەر کار لادا کە دامەزرێنەری حیزبی گەلی پاکستانی بوو، لەو رۆژەوە زیائەلحەق سەرۆکایەتی وڵاتی دەکرد تا مانگی ئەیلولی ١٩٧٨ و بووە ھۆی ئەوەی بۆتۆ لەسێدارە بدرێت.

مۆریتانیا:
مۆریتانیا لەدوای ئەوەی لە ٢٨تشرینی دووەمی ١٩٦٠ ەوە سەربەخۆیی وەرگرتووە ئۆقرەیی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینیوە، دوای  ١٨ ساڵ نواکشۆتی پایتەخت حکومەتێکی مەدەنی بەڕیوەی دەبرد تا ئەوە کاتەی عەقید مستەفا ولد سالک سەباح لە رۆژی ١٠ تەموز بڕیاریدا کودەتایەک ئەنجام بدات و وڵات ببێتە حکومەتی سەربازیی بەسەرکردایەتی ولد دادە.

لەماوەی فەرمانڕەوایی ولد دادە دا مۆریتانیا جەنگی بیابانەکان ڕویداوە، بەرەی پۆلیساریۆ کێشەیان بۆ دروست کردووە، دام و دەزگاکانی دەوڵەت تووشی شکست بوون تا دەھات جەنگ و نائارامی درێژەی دەکێشا.
تا لە رۆژی ١٠ تەموزی ساڵی ١٩٧٨ ئەفسەرانی سەربازی مۆریتانیا کودەتایەکیان ئەنجام دا، دوای ٣٠ ساڵ لە کۆتایی ھاتنی حوکمی مەدەنی لە مۆریتانیا سەرلەنوێ حوکمی مەدەنی گەڕاوەتەوە بۆ مۆریتانیا، لەو کاتەوە تا ئێستا چەند کودەتای تر لەو وڵاتە ڕویانداوە لەوانەش ١٩٧٩، ١٩٨٠، ١٩٨٤، ٢٠٠٣ و ٢٠٠٥ و کۆتا کودەتای ئەو وڵاتەش لە ساڵی ٢٠٠٨ بوو.

غامبیا:
لە ڕۆژی ٢٢ تەموزی ١٩٩٤ دا سەرۆکی پێشووی وڵاتی غامبیایەحیا جامع، توانی لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە بە بێ خوێنڕشتن بگاتە دەسەڵات، دوای ئەوەش دوو جار وەک سەرۆک ھەڵببژێرێتەوە و تا ساڵی ٢٠١٧ فەرمانڕەوایی بکات.