کۆمسیۆن: هەڵبژاردن دواناخرێت و کەسیش بە فەرمی نەکشاوەتەوە
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەشێوەیەکی فەرمی هیچ کشانەوەیەک لە پرۆسەی هەلبّراردنەکان نەبووە و بە هیچ شێوەیەکیش هەلبژاردنەکان دواناخرێت .
جومانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، کۆمسیۆن کارەکانی راستاندنی بۆ ناوی کاندیدەکان تەواوکردووە، کە ژمارەیان ٣٢٤٩ کەسن .
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆتایی ھاتووە بە ھەلبژاردنی ژمارەی کاندیدەکان و پۆستەرەکانی تایبەت بە دەنگدانی گشتی و تایبەتی پاڵیوراوەکان و دەستیانکردووە بە چاپکردنی فۆرمی دەنگدان .
سەبارەت بە کشانەوەی ژمارەیەک لە حزب و قەوارە سیاسییەکان لە ھەلبژاردنەکان، وتەبێژی کۆمسیۆن رایگەیاند، بابەتی کشانەوەکان کاریگەری نابێت لەسەر کاری کۆمسیۆن و سەرۆک و ئەندامەکانی، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک گۆرانکاری لە ١٠ی تشریتی یەکەمی داھاتودا ناکرێت، کە دیاریکراوە وەک رۆژی دەنگدان .
لە لایەکی دیکەوە حسین ھەنداوی راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، کشانەوەی ھەندێک قەوارە و لایەنی سیاسی لە ھەلبژاردنەکان، بە ھیچ شێوەیەک بەڵگە نییە بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان .
ھەنداوی ئاماژەی بەوەشکرد، ھەموو لایەنێک مافی خۆیە بکشێتەوە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان، تا ئێستا ٤ بۆ ٥ قەوارە کشاوەی خۆیان راگەیاندووە، بەڵام ھیچ داوایەکی فەرمیان پیِشکەشی کۆمشیۆن نەکردووە، لە کاتێکدا ٤٤ قەورە ناویان تۆمار کردووە بۆ بەشداریکردن لە ھەلبژاردنەکاندا .
ئەو وتانەی وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەلبژاردنەکان و راوێژکاری حکومەت بۆ کاروباری ھەلبژاردنەکان لە کاتێکدایە تا ئێستا ھەریەکە قەوارەی مینەری عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و گفتوگۆی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی سالح موتڵەگ و رەوتی سەدری موقتەدا سەدر کشانەوەی خۆیان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو ڕاگەیاندووە .
|