سەرۆكی بەرشەلۆنە نیگەرانە لە سیستمی ڤار

06/07/2020
فۆتۆ: 

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە دڵنیایی دەداتە هاندەرانی یانەكە كە میسی دەمێنێتەوە و لە یانەكە ناڕوات و دەشڵێت هەندێك یانە لە دوای دەستپێكردنەوەی یاریەكانی لالیگا سودیان لە ڤار بینیوە.

جوسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەبارەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستی مێسی، رایگەیاند: من وردەكاری ئەو پرسە ناڵێم، بەڵام میسی چەندینجار وتوویەتی لە بەرشەلۆنە واز لە یاری دێنێت، ئەوەی بۆ ئێمە لە ئێستا گرنگە تەنیا بایەخ بە نازناوی لالیگا دەدەین، دواتریش چامپیۆنزلیگ. 
ئەو نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سیستمی ڤار و دەڵێت، لەوكاتەوەی لالیگا دەستیپێكردووەتەوە ڤار ئەو بڕیارە نادات كە هەموومان دەمانەوێت، زۆر یاری هەبووە ڤار دادپەروەرانە نەبووە. 
ئەو بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ رەخنەی لەسیستەمەكە گرت كە لەبەرژەوەندی ریاڵ مەدرید كار دەكات و دەڵێت لە دوای دستپێكردنەوەی لالیگا ڤار"هەمیشە لە بەرژەوەندی تیپێكدا بووە، زیانیشی بە هەندێكی دیكە گەیاندووە".
بارتۆمیۆ وتیشی: پێویستە ڤار یارمەتی ناوبژیوان بدات، كەچی لە یارییەكانی دواییدا هەمووان چەند دیمەنێكیان بینی كە تیایاندا بەشێوەیەكی باش ڤار بەكارنەهێنرا. 
ئەو رونیشیكردەوە دەزانێت دەنگۆی رۆشتنی كیكی سیتینی راهێنەری یانەكە هەیە، بەڵام هەمووی بە درۆ دەزانێت و دەڵێت "دوورن لە راستی، سیتێن جێی متمانەی هەموو یاریزانان و ئەندامانی دەستەی كارگێڕییە، ئەو كارێكی باش دەكات".