71 جار فرۆکەکانی چین سنوری ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە

26/12/2022
فۆتۆ: 

لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی نێوان چین و تایوان، تا دێت فشارەکانی چین زیاتر دەبێت

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی تایوان ڕایگەیاند، لە ماوەی نێوان کاتژمێر 6ی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە تا 6ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە، 71 جار فرۆکە و درۆنەکانی وڵاتی چین سنوری ئاسمانی تایوانیان بەزاندووە.

لەوکاتەوەی ململانێکانیان گەیشتوەتە لووتکە، ئەمە یەکەمجارە بەو شێوازە چڕە چین فشار بکاتە سەر تایوان.

پێشتریش لە مانگی ئابدا لە کاتی سەردانی نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، چین لە بەرامبەردا 5 مانۆڕی گەورەی سەربازیی لە نزیک سنورەکانی تایوان ئەنجامدا.

تایوان وڵاتێکی سەربەخۆیە و پێشتر بەشێک بووە لە وڵاتی چین و ئێستاش ناوە فەرمییەکەی (کۆماری چین)ــە هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکایە، بەڵام وڵاتی چین دەیەوێت تایوان بگەڕێنێتەوە و بیکاتەوە بەشێک لە خاکەکەی و کۆتایی بەوە بێنێت کە ئەمریکا وەک کارتێکی فشار دژیان بەکاریبهێنێت.