جۆیس لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا بروانامەی زانکۆی بەدەستھێنا

29/12/2022
فۆتۆ: 

زانکۆی "باکوری ئیلنۆی" لە ئەمریکا بڕوانامەی زانکۆ دەدات بە خاتونێکی تەمەن ٩١ ساڵ بەناوی جۆیس دیڤۆ، کە نزیکەی ٧١ ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی کردبو بە زانکۆکەوە، بەڵام بەھۆی ئەنجامدانی پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە نەیتوانی بوو پێشتر زانکۆ تەواوبکات،

دوای ئەو تەمەنە زۆرە جۆیس، جارێکیتر گەڕاوەتەوە زانکۆ دوای تەواوکردنی تاقیکردنەوەکان بەسەرکەوتووی توانی لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا بروانامەی زانکۆ بەدەست بھێنێت.

جۆیس دەڵێت، "من دڵتەنگ بوم کە خوێندنم تەواو نەکردبو، بۆیە منداڵەکانم ھانیان دام بگەڕێمەوە بۆ خوێندن، منیش گەڕامەوە بۆ کۆلێژ و دەستمکردەوە بە وانە خوێندن".

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەماوەی خوێندنەکەیدا لەجێگەی ئەوەی بۆ وانەخوێندن بچێت بۆ زانکۆ، بەشێوەی ئۆنلاین و لە ماڵەوە وانەکانی خوێندوە، لەو بوارەشدا منداڵەکانی ھاوکاری بون بۆ ئەوەی فێری چۆنیەتی بەکارھێنانی کۆمپیوتەر ببێت.

 جۆیس دیڤۆ ئامۆژگاری ئەوانە دەکات کە نەیانتوانیوە خوێندن تەواو بکەن و دەڵێت، "باشە شتێک تەواو بکەیت کە دەستت پێکردوە، واز مەھێنن، دەزانم کە رەنگە روبەڕوی قورسی و ئاستەنگی ببیتەوە، بەڵام ئەوەش بزانە کە ھەمو شتێک لە ژیاندا شیرینی و تاڵیی خۆی ھەیە".