"تورکیا رەزامەندی پیشانداوە بۆ کشاندنەوەی ھێزەکانی لە سووریا"

31/12/2022
فۆتۆ: 

رۆژنامەیەکی سوری ئاشکرایدەکات، لەکۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگری تورکیا و سووریا لە مۆسکۆ، ئەنقەرە رازی بووە بە کشاندنەوەی سەرجەم ھێزەکانی لە سووریا.


رۆژنامەی وەتەنی سووری لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردوە، خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا و عیماد عەلی، وەزیری بەرگری سووریا لە مۆسکۆ بە چاودێری سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگری رووسیا کۆبوونەتەوە و لێپرسراوانی ھەواڵگری ھەردوولاش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون کە زیاتر دانیشتنێکی تایبەت بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان بووە و نزیکبوونەوەی تەواویش لەنێوان ھەردوولادا ھەبووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیرانی بەرگری تورکیا و سووریا رێککەوتنێکی چەند خاڵییان ئیمزا کردووە کە دیارترینیان رەزامەندی تورکیایە بۆ کشاندنەوەی سەرجەم ھێزەکانی لە خاکی سووریا، لەگەڵ کاراکردنەوەی سەرجەم رێککەوتنەکانی پێشوویان بەتایبەتی کردنەوەی رێگەی ئێم فۆڕ.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی وەتەنی سووری ، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا لیژنەیەکی ھاوبەش پێکھێنراوە بۆئەوەی چاودێری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بکات.