مەسعود بارزانی: دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت

17/01/2023
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی كانوونی دووەمی 2023 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمەریكا کۆبوەوە

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگایی بارزانی، "لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، بایەخی ڕۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بارودۆخی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوە بچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت. بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیاتەكان و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت. پەیوەست بە چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئەو چاكسازییانە دووپات كردەوە.

لەکۆتایدا ئاماژە بەوەکراوە، "بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە".