تەرمەکەی دوای یانزە ڕۆژ لەدیار نەمانی دۆزرایەوە
بێستونی حەوێزی مام بکری قەساب دانیشتووی قەڵادزێ لە دوای 11 رۆژ دیارنەمانی ئەمڕۆ لە بناری چیای سەفین تەرمەكەی دۆزرایەوە.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژە بەوە دەدات: ''دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە ونبونی کەسێک بە ناوی ''بێستون حەوێز بەکر'' لەلایەن بنەماڵەکەیەوە کە لە ڕێکەوتی 7/1/2023 لە ماڵەوە دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە و بڕی 50 ھەزار دۆلاری ئەمریکیشی لابووە، تیمێک لە ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر پێک ھێنرا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کەسی ونبوو.''
ئاماژە بەوەش دراوە کە لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 16/1/2023 هێزەکانی پۆلیس تەرمی ناوبراویان لە بناری چیای سەفین لە گوندی قەراسنجی سەروو دۆزیوەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێردا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە ''لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی ھێزەکانمان دوو تۆمەتبار دەستگیر کران و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێک خرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ھەولێر کراوە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکە.'' بە پێی زانیارییەکان ناوبراو کادری پارتی دیموکراتی کوردستانە
|