"دایکێک کچەکەی ناردوە بۆ دوکان، بەڵام دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر"

21/01/2023
فۆتۆ: 



سەرجەم دایک و باوکان پێویستە ئەم شتە سەرەتاییانە فێری منداڵەکانیان بکەن

د. دیلمان ئازاد، پزیشکی پسپۆڕی دادوەری لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک چیرۆکی منداڵێکی باس کردووە کە دەستدرێژی کراوەتەسەر و لەڕێگەیەوە رێنمایی دایک و باوکان دەکات کە منداڵەکانیان فێر بکەن متمانە بە کەسانی بێگانە نەکەن کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی،

بە پەشۆکاوییەکی زۆرەوە هاتە ڕاویژکاری ئێواران لە سەرو سیمایەوە دیار بوو کە بەتەواوی شۆک بووە، دەزانێت ئەو کارەساتەی بەسەر کچەکەیەوە هاتووە لە داهاتوو دەبێت باجێکی قورس بدات...  ئەو دایکێک بوو، کچێکی بچووکی لەگەڵدا بوو، بەر لە سڵاو کردن... هاواری بۆ ئەوە دەکرد ماڵی وێران بووەو فریای بکەوم...

 هەر چۆنێک بوو کەمێک ئارامم کردەوەو پێم وت چی روویداوە؟ وتی دکتۆر پشکنینێکم پێویستە، بەڵام تکایە پێم مەڵێ بڕۆ بۆ پزیشکی دادوەری... چونکە بابەتەکانت دەخوێنمەوەو بەردەوام لەو جۆرە رووداوانەدا رێنمایی خەڵک دەکەیت بچنە لای پزیشکی دادوەری... بەڵام من نامەوێت کێشەی گەورەتر بۆ خۆم و کچەکەشم دروست بکەم!.

کە سەیری کچەکەیم دەکرد، تەمەنی زۆر منداڵ بوو، نامەوێت لێرە تەمەنەکەی یا وەسفێکی بنوسم ببێتە هۆی ناسرانەوەی ئەو کچە، بەڵام هەرچیم کرد ئەو منداڵە هێشتا تێنەدەگەیشت چی روویداوەو چی بووە؟

 روویداوە؟ ئەویش وتی ”وەک هەموو جارێک کچەکەمم ناردە دوکانێک کە زۆر دوور نەبوو لە ماڵەوەمان، کە ھەندێک کەل و پەلم پێویست بوو کە بۆمی بکڕێت... بەڵام ئەمجارەیان زۆر دواکەوت و ھەر نەهاتەوە”.

دایکەکە بەدڵێکی پڕەوە بەردەوامبوو لە گێڕانەوەی قسەکانی و وتی: دوای دواکەوتنێکی زۆر کچەکەم هاتەوە بە گریان و وتی دایە پیاوێکی بە تەمەن، ئۆتۆمبێلەکەی راگرت و پێی وتم دایکت ئیشی پێتە وەرە با بتبەمەوە ماڵەوە، منیش کە وتی دایکت ئیشی پێتە خێرا لەگەڵیدا سەرکەوتم. بەڵام لەرێگە باڵەخانەیەکی تەواو نەکراو هەیە کە شوێنەکەی چۆڵە... لەو باڵەخانەیە منی هێنایە خوارەوەو منی رووتکردەوە و پەنجەی خستە جەستەم و خوێنم لێهات. کچەکەم وتی دوای ئەوە منی بردەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەی و پێوتم بە دایکت بڵێ بزانە چی دەکەم و چیتان بەسەر دێنم... سەرەڕای ئەو کارە قێزەونە هەڕەشەش دەکات.

دوای قسەکانی دایکەکە، لەگەڵ منداڵەکە کەوتمە گفتوگۆ و پێم گوت: کچی ئاقڵ، لەو کاتەی ئەو پیاوە ئەم کارەی بەرامبەرتکرد تۆ هیچ هاوارت نەکرد؟! 
ئەویش گوتی: نەخێر، نەمتوانی چونکە دەستی لەسەر زارم دانابوو.

ئەو منداڵە، باسی ئەوەی کرد، کە ئەو لەبەر ئەوەی، ئەو پیاوە پێی گوتووە دایکت کاری پێتە بۆیە متمانەی بەو پیاوە کردووەو هەروها پیاوەکەش تەمەنێکی هەبووەو چاوەڕێی نەکردووە. کارێکی بەرامبەر بکات کە زیانی پێ بگەیەنێت...
لە دوایدا بە دایکەکەم گوت ”هیچ گومانی تێدانیە ئەو منداڵە تا زووە دەبێت ببردرێتە پزیشکی دادوەری و راپۆرتی بۆ بکرێت و پۆلیس ئاگادار بکرێتەوە.

 دوای ئەوەش دەبێت پزیشکی دەروونی ئەو منداڵە ببینێت”.من نازانم لەبەر چی خەلک ترسی هەیە لە کۆمەڵگای ئێمە کە ناوی پۆلیس و پزیشکی دادوەری دێت کەچی ئەوە تاوانە دەبێت تاوانبار بە سزا بگات ئەوەش هۆکاری دەگەڕینمەوە بۆ وشەی عەیبە کە باسلردنی دەست دریژی سێکسی بەعەیبە لە قەلەم دەدریت و مندالی زولملیکراو بەچاویکی تر سەیر دەکرێت.

دەمەوێ لە دیوێکی تر سەیری ئەو رووداوە بکەین، دایک و باوک چۆن منداڵەکانتان فێر ناکەن، کە نابێت لەگەڵ کەسانی بێگانە بچنە ناو ئوتومبێلی کەسانی نەناسراو؟ چۆن فێریان ناکەن کە هیچ شتێک لە کەسی بێگانە وەرنەگرن لە دەرەوە؟

چۆن فێریان ناکەن کە بەتەنیا نابێت بچێتە کۆڵان و مارکێت، کە تەمەنی وا بچوکە و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات؟

ئەوانە پەروەردەی سەرەتایین و ئەرکە خێزان فێری منداڵەکانیان بکەن.

بە پێی ئەزموونی خۆم کە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ ئەو راوانە دەکەم، ژمارەیەک کاریگەری نەرێنی بەهۆی دەستدرێژی سێکسی لەسەر ئەو کەسانە دەردەکەوێت، کە بریتین لە:

١-ترس لە هەموو شتێک لە دەوروبەری.
٢-ئازاردانی خۆی، بەتایبەت بیری خۆکوشتنیان دەبێت.
٣-توشی دڵەڕاوکی و کێشە دروست بوون دەبێت لە خواردن، هەست بەشەرم و بە تاوان دەکات.
٤-دواکەوتنی گەشەی دەماغ بە بەراورد لەگەڵ تەمەنی خۆی.
٥-توشی جۆرەها نەخۆشی گوازراوە دەبێت، ئەگەر هەرزەکار بێت لەوانەیە توشی دووگیانی بێت.
٦-زۆربەی توێژینەوەکان دەریدەخەن ئەوەی توشی دەست دریژی سیکسی دەبێت لەکۆتای ئازاری منداڵی تر دەدات.
٧-باوەڕبەکەس ناکات، لە ژیانیدا کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەبێت.
٨-توشی خەمۆکی دەبن یان جۆرە کێشەیەکی دەروونی پیی دەڵێنpost traumatic stress disorder.
زۆر کێشەی تریش بۆ ئەو منداڵانە دروست دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە منداڵەکانمان فێری خۆپارێزی بکەین و ئەگەر روویدا پێویستە چارەسەری دەروونی وەرگرن و خێزانەکان نابێت بێدەنگ بن لە مافی منداڵەکانیان.