بەهۆی سووتانی ماڵێکەوە ژنێکی دووگیان گیانی لەدەستدا

22/01/2023
فۆتۆ: 

لە ناحیەی چوارقوڕنەی ئیدارەی راپەڕین، بەهۆی سووتانی ماڵێکەوە ژنێکی 25 ساڵ کە دووگیان بووە، گیانی لەدەستدا.

نەقیب عەلی قادر، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین رایگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 07:52 هێزەکانمان لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکی چۆمان لە ناحیەی چوارقوڕنە ئاگادار کرانەوە؛ بەداخەوە دیاربوو رووداوەکە زووتر روویداوە و نزیک کاژێر 07:00 بووە، بەڵام کەس ئێمەی ئاگادار نەکردبووەوە، بۆیە تاوەکو هێزەکانمان گەیشتن ژنێک لە ماڵەکەدا سووتا بوو".

ژنەکە ناوی ئاشتی موسڵیحە و تەمەنی 25 ساڵە، عەلی قادر گوتی، ژنەکە دووگیان بووە و بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، چونکە هاوژینەکەی پێشمەرگەیە و لە دەوام بووە.

 وتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین وتیشی: "ژنەکە لە ماڵەوە نووستبوو و، هیتەر کارەبا کاری کردووە، بەڵام پلاکی هیتەرەکە تواوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرکەوتووەتەوە و ژنەکە گیانی لەدەستداوە".