هێمن هەورامی: دەبێت بەزووترین كات پەرلەمان كۆبوونەوەی نائاسایی بكات

24/01/2023
فۆتۆ: 

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسێۆنەکان رایگەیاند، "ئەرکی پەرلەمانە رێوشوێنە یاساییەکانی بگرێتە بەرو چیتر وەخت بەفیرۆ نەدرێ و کۆمسێۆنی سەربەخۆی ھەلبژاردنەکان کارا بکرێتەوە".

هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دەبێت  ھەرچی زووتر دانیشتنی نائاسایی  پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت بۆ خوێندنەوەی یەکەمی ئەو پێشنیازە یاساییانەی کە پێشتر لە لایەن فراکسێۆنە جیاجیاکانەوە پێشکەشکرابوون بۆ ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و جێگیرکردنی فرە بازنەیی و تۆماری بایۆمەتری  دوایین لیستی دەنگدەرانی ھەلبژاردنەکانی مانگی ١٠ی ٢٠٢١ ی پەرلەمانی عێراق.   

دەشڵێت، "دوای ھاتنە ئارای خالی ھاوبەش و تێگەیشتنی سیاسی لایەنەکان لەسەر فرە بازنەیی، ئەرکی پەرلەمانە رێوشوێنە یاساییەکانی بگرێتە بەرو چیتر وەخت بەفیرۆ نەدرێ و کۆمسێۆنی سەربەخۆی ھەلبژاردنەکان  کارا بکرێتەوەو زەمینەی تەکنیکی ئەنجامدانی ھەلبژاردن لەمسالدا ئامادە بکەن".