دادگای فیدراڵی عێراق ناردنی پارەی بۆ هەرێم هەڵوەشاندەوە

25/01/2023
فۆتۆ: 

دوای تانەلێدان لە بریارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بۆ ناردنی پارەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە (نادروست) لێکدایەوە.


لەسەر سکاڵای مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە (نادروستبوونی) بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، بەو بڕیارەشەوە کە تایبەتە بە (٢٠٠ ملیار) دینارەکەی پشکی هەرێمی کوردستان. 

ئەم هەنگاوەی دادگای فیدراڵی لەکاتێکدایە وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٣ی عێراقدا‌و بڕیارە مانگی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەکە بگاتە پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندکردنی. 

فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی (٤٠٠ ملیار) دیناری پشکی هەرێم بۆ دوو مانگ خەرج بکات، بەڵام تائێستا پارەکە نەگەیشتووەو پێدەچێت بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە کێشەی زیاتر بۆ ناردنی پارەکە دروست ببێت.

 ساڵی رابردوو کاتێک پارتی‌و یەکێتی دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناکۆکەکانی ناو ماڵی شیعەدا، دادگای فیدراڵی دوای ١٠ ساڵ چاوەڕوانی، بەشێوەیەکی کتوپڕ حوکمی خۆی لەبارەی سکاڵایەکەوە دەرکرد کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوەی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم تۆمار کرابوو. 

سالی رابردووش دادگای فیدراڵی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو داوای کرد هەرێم نەوت‌ و غازەکەی رادەستی بەغداد بکات. 
 
دەقی بریارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بریاری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان :