ئامینا زكری: دادگای فیدراڵی عێراق نادەستوورییە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە

25/01/2023
فۆتۆ: 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی هاوشێوەی سەرۆکی حیزبەکە لەسەر بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەتوندی هێرش دەکاتە سەر ئەو دادگایە و رایدەگەیەنێت، کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نادەستووەییە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە

ئامینا زکری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت: "ئەمڕۆ دادگای نادەستووری فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە سەلماندی ئەو دادگایە نییە کە کورد وەک دادگایەکی بێلانەیەن سەیری بکات و بڕیارەکەی ئەمڕۆش چووە سەر ئەو بڕیارانەی دیکەی کە دادگاکە دژی گەلی کوردستان دەریکردوون".

ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە: "لە بنەڕەتدا دادگای فیدراڵی دەستوری نیە و بەپێی مادەی ٩٣ لە دەستوری عێراقی دانەمەزراوە و بڕیارەکانی بە سیاسی کراون و خولی ڕابردووی پەرلەمان بە هاوکاری لایەنێکی کوردی بە زۆرینەی سادە دەنگی لەسەردراوە".

دەشڵێت: "بۆیە دەبێت لایەنە عێراقییەکان و ئەوانەی دەسەڵاتدارن بزانن یان دەبێت ئەم دادگا نادەستوورییە هەڵبوەشێتەوەو بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ سەرجەم پرسەکان بکرێت، یان گەلی کوردستان دادگایەکی هاوچەشن بە دادگای خۆی نازانێت".