ئیمارات دەیەوێت تاجەکەی هۆنگ کۆنگ بۆ خۆی بفڕێنێت

07/07/2020
فۆتۆ: 

دوای هۆنگ کۆنگ.. گۆڤاری فۆربس پێشبینی دەکات ئیمارات ببێتە ناوەندی دارایی ئاسیا

گۆڤاری فۆربس" میدڵ ئیست" ئەمریکی دەڵێت، وڵاتی ئیمارات دەبێتە ناوەندی دارایی جێگرەوە لە ئاسیا، لە دوای ئەوەی ژمارەیەک کۆمپانیای گەورە دەیانەوێت هەرێمی هۆنگ کۆنگ جێبهێڵن، بەهۆی یاسای ئاسایشی نەتەوەییەوە کە پەرلەمان چین لەم دواییانەدا پەسەندیکرد.

گۆڤاری فۆربس نوسیویەتی، هۆنگ کۆنگ و چین بە لە دەستدانی شوێنەکانیان وەک گەورەترین ناوەندی دارایی  لە جیهاندا ڕەنگدانەوەی باشی بەسەر ئیماراتدا دەبێت لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بە دوای شوێنێکی سەلامەتردا دەگەڕێن.

بە درێژایی چەندین ساڵ، هۆنگ کۆنگ سودی لە بنەمای" یەک دەوڵەت و دوو سیستەم" وەرگرتبوو کە وایکردبوو هەرێمەکە خاوەنی خۆبەڕێوەبەریەکی نیمچە سەربەخۆیی بێت لەدوای بەجێهێشتنی بەریتانییەکان لەساڵی 1997 .

لەوە بەدوا هۆنگ کۆنگ بووە دەرگای دووەم گەورەترین ئابوری لە جیهاندا و لەلایەن بانکی نێودەوڵەتیشەوە وەک سێیەم باشترین وڵاتی جیهان دیاریکرابوو بۆ ئاسانی ڕایکردنی کار و بازرگانی بۆ ساڵی 2020

هۆنگ کۆنگ لەماوەی ڕابردوودا ببووە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ سەرمایەداروبازرگانان ئەویش بەهۆی هەبوونی" چوارچێوەی یاسای پێشکەوتوو" بەڵام یاسا تازەکەی پەکین دەسەڵاتێکی فراوان دەداتە دەسەڵاتدارای چین ئەوەش خۆرئاوای ترساندووە.

هەزاران هاوڵاتی هۆنگ کۆنگ بۆ ڕەتکردنەوەی یاساکە و داواکردنی زیاتر ئازادیییە سیسییەکان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەڵام هەوڵەکانی خۆپیشاندەران سەرکەوتوو نەبوو بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانیان.

لە وەڵامی یاسا چینییەکەدا، حکومەتی ئەمریکا ڕێوشوێن و سزای بەرامبەر ئەو بانکانە دەرکرد لە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسانی چیندا دەکەن، بەپێی ئامارە ئابورییەکان لە ئێستادا هۆنگ کۆنگ زۆرترین بانک لە جیهاندا لە خۆ دەگرێت.

لە ئێستادا 78 بانکی جیهانی لە هۆنگ کۆنگ هەن لەنێو   100 بەهێزترین بانکەکانی جیهان.

 هەروەها هەرێمەکە پڕە لە کۆمپانیای زەبەلاح  لەبواری دراودا بەڵام بەشێک لە دامەزراوەکان بیر لەوەدەکەوە بازرگانییەکەیان بۆ شوێنێکی سەلامەتر بگوازنەوە.

گۆڤاری فۆربس ئاماژە بەوەدەکات، ئیمارات پاڵێوراوێکی بەهێزە بۆ ئەوەی لە شوێنی هۆنگ کۆنگ ببێتە ناوەندی دارایی، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ڕویەکی بازرگانی جیهانییە، هەروەها خاڵی بەیەکبەستنی ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیایە.

گۆڤارەکە ڕونیشیکردۆتەوە، ئیمارات لە ئێستادا باج ناخاتە سەر داهات، هەروەها یەکێک لە سەلامەترین وڵاتانی جیهانە کە بارەگای بەشێکی زۆر لە دوو هەزار بەهێزترین کۆمپانیاکانی جیهانی لێیە.

جگە لەوەش ئیمارات پەیوەندییەکی بەهێزی لە یەککاتدا لەگەڵ ئەمریکا و چین و ئەوروپا هەیە، کە زیاتر لە چوار هەزار کۆمپانیای چینی لێیە.

بەپێی پێوەری " دوینگ بزنس" ئیمارات پلە 16  یەمینی لە کارئاسانی و ڕایکردنی کاردا گرتووە، هەروەها ئەو وڵاتە لە پلەی یەکەمدا دێت لە ئاسانی گەیاندنی کارەبا و لە پلەی سێیەمدا دێت لە وەرگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی بینادا.