وتەبێژی حکومەتی عێراق: بەغدا و واشنتن گەیشتوەتە میکانیزمی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی دۆلار

17/02/2023
فۆتۆ: 

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کۆتاییانهات و هەردولا لەسەر میکانیزمی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی دۆلار رێکەوتون و لەچەند رۆژی داهاتوشدا بەهای دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، دانوستانەکانی لایەنی عێراقی و ئەمریکی کۆتاییانهات، شاندی عێراقیش لە ڕێگەی گەڕانەوەیە بۆ بەغدای پایتەخت، ئەنجامی ئەم دانوستانەش زیاتر ئەرێنی، سوپڕایزی زۆر گەورە هەیە، وەک لایەنی ئەمریکی گرنگی زۆریان بەرامبەر بە شاندی عێراقی نیشانداوە، بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە هەمو شاندەکانی پێشو کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا سەردانی ئەمریکایان کردبو.

وتیشی، "دانوستانەکان ڕاشکاوانە بون لە خستنەڕوی پرس و دۆسیەکان، شاندەکەی عێراقیش لە دو بەش پێکهاتبو، یەکێکیان سیاسی و ئەوی تریان تەکنیکی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە قەیرانەکە ڕەهەندی سیاسیی هەیە کە پەیوەندی بە واقیعی عێراقییەوە هەیە و سروشتی ئەو پەیوەندیەی نێوان بەغدا و واشنتنیش دیاریدەکات، هەروەها بەشی تەکنیکی بە سەرۆکایەتی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی و پلاندانان و کۆمەڵێک ڕاوێژکاری سیاسی و ئابوری، چەندین دیداریان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا، بانکی ناوەندی فیدڕاڵی و ئەندامانی کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و چەندلایەنێکی دیکە ئەنجامدا".

 باسی لەوەشکرد، "هەردو لایەن بە هاوکاری یەکتر گەیشتوونەتە میکانیزمی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانی دۆلار، لایەنی ئەمریکیش بەشداری دەکات لە خستنەڕوی دراوی ڕەق بۆ ناو عێراق، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر شێوازی جێبەجێکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەم بابەتەش دەبێتە هۆی سەقامگیری بەهای دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی لە ماوەی زۆر کورتدا، بەپێی نرخی فەرمی خۆی و لە چەند ڕۆژی داهاتودا جێگیر دەبێت".