وتەبێژی حکومەتی عێراق: دانوستانەکانی شاندی عێراق لەگەڵ ئەمریکا کاریگەریی لەسەر سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار دەبێت

20/02/2023
فۆتۆ: 

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشكرایكرد، ئەنجامی دانوستانەکانی شاندی حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لەواشنتۆن چەندین ڕێککەوتنی لێکەوتۆتەوە، ده‌شڵێت:"بەشێکیان پەیوەندییان بەدۆخی ئابورییەوە هەیەو لەداهاتویەکی نزیکیشدا کاریگەرییەکانی ئەو ڕێککەوتنانە دەردەکەون‌و کاریگەرییان لەسەر سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار دەبێت".

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، ئەنجامی گفتوگۆکانی شاندی عێراقی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان زۆر ئەرێنی بوەو لەگەڵ لایەنە ئەمریکییەکان وه‌ك بانکی فیدراڵی‌و گەنجینەی ئەمریکاو وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، گەیشتونەتە چارەسەرو ڕێککەوتن.

ده‌شڵێت، "کاریگەری ئەم دیالۆگ‌و ڕێککەوتنانە لەئایندەیەکی نزیکدا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەتی سەبارەت بەقەیرانی دۆلارو نرخی ئاڵوگۆڕی دراو، میکانیزمێکی نوێ هەیە کە لەڕۆژانی داهاتودا بەشدار دەبێت لەسەقامگیریی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار  لەبازاڕەکان بەنرخی فەرمی".