ڕاپرسییەک حکومەتی هەرێمی هەژاند!

21/02/2023
فۆتۆ: 




لە پاییزی ٢٠١٧ بەغدا بەهۆی راپرسیەکەی هەرێمی کوردستان دەکوڵا
لە زستانی ٢٠٢٣ هەرێمی کوردستانیش بەهۆی راپرسیەکەی بەغداوە دەکوڵا
لەنێوان راپرسییەکی ئەلکترۆنی و راپرسییەکی دەنگدانیدا
پەنجەرەی ناکۆکیەکانی سلێمانی و هەولێر لە بەغدا کرایەوە
رۆژنامەی سەباح بە بڵاوکردنەوەی بابەتێکی لە ژێر ناوی "هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان" دەڵێت: " لە ناو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بیروبۆچوونێک دروست بووە کە بگەڕێنەوە سەر حکومەتی ناوەندیی عێراق."
رۆژنامەکە پشتی بە راپرسییەکی "ناوەندی شیکار بۆ ڕاپرسی و لێکۆڵینەوە بەستووە"

بەگوێرەی قسەی ئەو رۆژنامەیە، "خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان لە هەمو ئاستەکاندا" و "کەمی دەرفەتی چارەسەری ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان دوو حزبە سەرەکییەکە" هۆکاری ئەوەن.
وەک هەموو پرسەکانی دیکە، کاردانەوەکان زۆر زۆر بوون، حکومەتی هەریمی کوردستان سەرەوبنی بابەتەکەی رەتکردەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامیدایە و گوتی: "
هەرێمی کوردستان، خاوەن قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە، هیچ دەسەڵاتێک توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستانی نییە"

حکومەتی ناوەندیش ویستی هەر چی زووە بابەتەکە بپێچێت و لە سەر زاری گوتەبێژی حکومەت باسم عەوادی رایگەیاند، بابەتەکەی رۆژنامەی سەباح گوزارشت نییە لە بۆچوونی فەرمی حکومەتی عێراق.
هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند وا مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکەی رۆژنامەی سەباح کرد کە ئەم مژارە پرسێکی "بڤەیە" و بەهیچ شێوایەک نابێت بوروژێندرێت، بەڵام ئەمە یەکەم جار نییە، باس لە پرسی هەڵوەشاندن و نەمانی قەوارەی کوردی لە عێراق بکرێت.

یەکەم جار لە مانگی مایسی ٢٠٢١ لە میانەی کۆڕبەندی هەرێمی کوردستانی عێراق – یەکڕیزی و دەستوور کە لە هەولێر بەرێوەچوو باس کرا.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کە بەشداری کۆڕبەندەکەی کردبوو، لە بەردەمی بەرپرسە باڵەکانی حیزب و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا گوتی "گرەنتی نییە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ هەتا هەتایە بەردەوام بێت".

ئەم یەکەم زەنگی راستەوخۆی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بوو.

دواتر لە کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و جنین بلاسخارت لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، " بەڕوونی بە لایەنە سیاسیەکانی گوت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاری و مەترسیدایە، بۆیە پێویستە لەنزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن و ڕاشکاوانە تاوتوێی کێشە و قەیرانەکان بکەن، هەوڵی جدیش بدەن بۆ چارەسەرکردنیان."

لە کۆبوونەوەکەدا، جنین پلاسخارت بە نوێنەری لایەنە سیاسیە کوردییەکانی گوت، ساڵێک لەمەوبەر واتە(قسەکانی لە کوڕبەندی یەکڕیزی و دەستور)"کاتێک باسی زۆنی سەوز و زەردمان کردووە، ئەم گوتەیە ناونیشانە بۆ کۆمەڵێک گرفتی گەورە لە هەرێم، دوای ساڵێک هەستمان کرد، شتەکان وەک خۆیانن و هیچ گۆڕانکاریەک ڕوویاننەداوە، بۆیە جارێکی تر داوامان لەهەر سێ لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کرد، پێکەوە کۆببنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن."

پێش ئاگادارکردنەوەکانی بلاسخارت هەندێک ئاماژە هەبوون کە درزێک کەوتووەتە دیواری قەوارەی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ بەهۆی رێکنەکەوتنی شاندی هەرێم لە گەڵ بەرپرسانی بەغدا سەبارەت بە بەشی هەرێم لە بودجەی عیراق

رێکەوت زەکی، بە رۆژنامەی سەباح راگەیاند: "حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دەتوانێت داهاتەکانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵیی [عێراق] بکات، لە بەرامبەردا بەغداش دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگاکە دابەشبکات".
 هەروەها دەشڵێت: "ئەو بەندە یاساییە بۆ ماوەی ساڵێکە و هەردوو حکومەتی خۆجێیی دهۆک و هەولێر دەتوانن هەمان رێکار بگرنە بەر".

ئێستا جگە لە هەبوونی چەندین بابەتی هەڵبەستراو لە نێوان هەرێمی کوردستان و و حکومەتی ناوەند وەک یاسای نەوت و گاز، پەسەندکردنی بودجە یاسایی ساڵی ٢٠٢٣ عێراق و پشکی هەرێم لەو بودجەیەدا و هەروەها پرسی ناردنی مانگانەی موچەی فەرمانبەران هەرێم.
دۆخی هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی پرسی کابینەی ٩یەمی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکاری لاوازی قەوارەی هەرێم، چونکە ماوەی چەند مانگێک دەبێت حیزبێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان، بایکۆتی کوبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کردووە.
یەکێتی دەلێت، ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەیە لەکردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکییەتی.
 گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانیی و بە خراپی خزمەتگوزارییەوە هەیە جگە لەوە پەیوەندیشیان بە نا دادپەروەری لە نێوان شارێک بۆ شارێکی دیکە هەیە.
با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی رۆژنامەی سەباح و کاردانەوەکان
 حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا دەلێت: "ئەگەر بەڕاستیش ڕۆژنامەی (الێباح ) و ئەوانەی لە پشتییەوەن، باوەڕیان بە ڕاپرسییە، لە ٢٥ ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ ، زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان، لە گەورەترین ڕاپرسی و ڕیفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێکی ئازاددا، قسەی خۆیان کرد و دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا.
ئەگەر لە نێوان ریفراندومی ٢٠١٧ و راپرسی ٢٠٢٣ دا شرۆڤەیەک بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، کە جۆرێک لە گۆرانکاری لە بۆچوونی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دروست بووە، بە تایبەتی لە سەر پرسی موچە و خزمەتگوزارییەکان و ژیانی رۆژانەی خەڵک، کە ئەمەش ئەرکی سەرەکی ئەم کابینەیە کە دەبێت دڵی هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان رازی بکات و رێگە نەدات هیچ ھۆکارێک ببێتە هۆی توورەبوونی خەڵکی هەرێم.