تەندروستی جیهانی لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا لە رێكخراوەكەیان روونكردنەوە دەدات

08/07/2020
فۆتۆ: 

رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا لە رێكخراوەكەیان روونكردنەوە دەدات و دەڵێت تا ساڵی داهاتوو ئەو وڵاتە دەمێنێتەوە و رێكخراوەكە بەجێناهێڵێت.


هەرچەندە شەوی رابردوو هەواڵێَك بڵاو كرایەوە كە ئەمریكا بە فەرمی لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەكشێتەوەـ بەڵام وتەبێژی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: هەواڵی ئەوەمان پێگەیشتووە ئەمریكا بە فەرمی بە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی راگەیانووە كە لە 6 مانگی 7 ی ساڵی 2021 ەوە لە ڕێكخراوەكە دەكشێتەوە.
رێكخراوەكە رەتیكردووەتەوە هیچ زانیاریەكی دیكە بدات لەو بارەیەوە و دەڵێَت لە ئێستادا زانیاری دیكەمان لەلا نیە. 
بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەی ئەمریكا لە ماوەی رابردوو زۆرترین رەخنەی لە رێكخراوەكە گرت و بە پشتیوانیكردنی چین تۆمەتباری كرد و هەر بەو هۆیەشەوە سەرۆكی ئەمریكا هەڕەشەی كشانەوەی لە رێكخراوەكە كرد كە زۆرترین پشتیوانی ماددی لە ئەمریكا وەردەگرێت. 
شەوی رابردووش  رۆبێرت مینیندی، سیناتۆری دیموكراتەكانی ئەمریكا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، كۆنگرێس بەلاغێكی فەرمیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتەكە پێگەیشتووە و تێیدا كشانەوەی ئەمریكای بە فەرمی لە رێكخراوی تەندروستی جیهان راگەیاندوە.