دهزگای میت کەسێکی لە سلێمانی دەستگیرکرد
   
                            
                             
                            
                            
                                 
                             
                            
                            
                            
                            
                             
                                ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا  ئاشکرای دەکات، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی میتدا لە شاری سلێمانی، ئەندامێکی پەکەکە دەستگیراوە و براوەتەوە بۆ تورکیا.
                                
  
                               
                                  
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا رایگەیاندوە،  ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی "رەمەزان گونەش" ناسراو بە "شۆڕش/شۆڕشگێڕ"، بەپێی ئەو زانیاریانەی ئاژانسەکە بڵاوی کردوەتەوە  "رەمەزان بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی ١٢ هێرشی چەکداری بۆ سەر سەربازان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شارۆچکەی چەلێ سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان و تۆمەتبارە بە کوشتنی ٦٠ سەرباز و پۆلیس و گوندپارێز".   
  
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردوە، ئۆپەراسیۆنەکەی دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت بۆ دەستگیرکردنی "رەمەزان گونەش" دوای یەک ساڵ لە چاودێریکردنی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر خاڵێکی دیاریکراو بووە. 
  
بەگوێرەی ئاژانسەکە، گونەش ساڵی ٢٠٠٨ بووەتە ئەندامی پەکەکە و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای جۆلەمێرگ، باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سووریا ماوەتەوە. 
 
ئاژانسی ئەنادۆڵ لەسەر سەرچاوە ئەمنیەکانی ئەو ولاتە ئەوەشی دەست کەوتوە، ئەو ئەندامەی پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەی هێزی تایبەتی پەکەکە هەڵبژێردراوە و لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٧ بەشداری لە ١٢ چالاکی سەربازی پەکەکە/ کەجەکە لە چەلێ کردووە. 
 
  
 
                            
                             
 |