د. دیلمان ئازاد: پشکنینی پەردەی کچێنی زانستی نییە و هەرگیز بەڵگەی پاکیزەیی نییە

01/03/2023
فۆتۆ: 



لەڕووی زانستییەوە پاکیزەیی کچ و پەردەی کچێنی، دوو شتی جیاوازن:
بیرکردنەوەکانمان، دەبێت راست و لە ژیانی راستەقینە بێت. نەک لە خەیال و خەون، هەموومان دەست بەسەر چاوماندا بگرین و گوێمان دابخەین لە هەندێک ڕاستی کە پێویستە کۆمەڵگا بیزانێت، بەڵام بەهۆی شتیک کە پێی دەڵێن شەرم کە لە ڕاستیدا دوورە لە شەرم، ئەوا هەستاوین بە گواستنەوەی کۆمەڵێک زانیاری هەڵە لەناو کۆمەڵگا. نەوە دوای نەوە ئەم پرۆسەیە بەردەوامە. کە لە ڕاستیدا هەمووشی زانیاری هەڵە و دوورە لە ڕاستی.
خۆی شەرم سیفەتێکی جوانە لە  هەندێک سیفاتی ناشرین وەک درۆ کردن و دزیکردن و ....هتد  ئەو سیفاتە ناشرینانەی باسم کردن دەبێت ببنە مایەی شەرمکردن نەک شەرمکردن لە بابەتێکی ڕاست و دروست و زانستی. بەپێی نامیلکەی ماستەرەکەم کە تایبەت بوو بە پەردەی کچێنی و دەستدرێژی سێکسی، هەندێک ڕاستی زانستی هەیە دەبێت کۆمەڵگا بیزانیت. ئەو ڕاستییەش ئەمانەن:
-پەردەی کچێنی، زیادەی ماوەی کۆ ئەندامی زاوزێی مێینەی کۆرپەلەیە کە لە سکی دایکییەتی. زانست ناڵێت پاکیزەیی کچ. واتا پەردەی کچێنی. چونکە پاکیزەیی کچ و پەردەی کچێنی لە ڕووی زانستییەوە دوو شتی جیاوازن و لە ڕووی پێناسەوەش جیاوازن.
-وشەی پەردەی کچێنی لە زمانی کوردیدا وشەیەکی زۆر ناشرینە. دەبێت لە بنەڕەتەوە ناوی بگوڕدرێت. ناوی زانستی (هایمنە) واتا بۆ ناوی پەردەی کچێنی لێبندرێت و بۆ بە (کچێنی و پاکیزەیی) ببەسترێتەوە؟ ئەگەر بێینە سەر عەدل و عەدالەت و بیری کۆمەڵگا. ئەگەر شەڕەفی کچ بە پشکنینی پەردەی کچێنی ببەستینەوە، ئەی شەڕەفی پیاو بە چ ببەستینەوە لە ڕووی پشکنینی زانستی؟ یان تەنها شەڕەف لەسەر ژن هەژمارە و پیاو شەرەفی هەژمار ناکرێت؟
-باشە لیژنەیەکی پزیشکی دادوەری هەیە لە کوردستان بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی... زۆر جار کە ژن و مێردێکی نوی دەهاتن بۆ پشکنین. کە گوایە کاکی زاوا گومانی هەیە لە ژنەکە و چەند دڵۆپە خوێنێکی نەبینیوە!. 
دەرئەنجام ئەو کاتە یان دەبووە کێشەیەکی ئەوەندە گەورە یەک عەشیرەت بەو هەموو پیاو و ژنە دەهاتن بۆ پشکنینی ئەو ژنە بەستەزمانە. کە لەشەرمان نەیدەتوانی سەری بڵند بکات. یان کاکی زاوا دەیکردە منەت دەیگوت واللە هاتینە بزانم مەسەلەی ئەو ژنەی چییە؟ لە هەمووشی خۆشتر هەندێک لە پیاوەکان دەیانگوت (واللە ڕاستیمان پێبڵێن هەتا ستری بکەم) کە ئەو قسانەم گوێ لێدەبوو زۆر بیرم دەکردەوە. دەمویست بپرسم: باشە کاکی زاوا، کە بەم شێوەیە مامەڵە دەکەی و قسە دەکەی دەڵێی ئامێرێکت کڕیوەو دەتەوێ  بزانێت ئیش دەکات یان نا؟ئینجا زۆر جار دەمویست بڵێم ئەی ئەگەر ئەو ژنەت هێناوە بۆ پشکنین دەتەوی بزانیت شەرەفی چۆنە؟ کە پێت وایە بە پشکنینی ئەو پەردەیە، دەتوانی ئەمەت بۆ دەربکەوێت... ئەی ئەزیەت نەبێت چ پشکنینێک بۆ تۆی بەڕێز بکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە شەرەفی جەنابت؟
ئینجا زۆر جار ئەو ژنانەی کە دەبونە ناوبژیوان و لەگەڵ بوک و زاوا دەهاتن، بە پستە پستێک دەهاتنە بن گوێمان و دەیانگوت (ئێ دکتۆرە پیاوە پیاو، حەقیتی دڵی تۆزێک ئارام بێتەوە و بزانێت لۆ ژنەکەی خینی نابینی؟) دیسان پرسیارم بۆ دروست دەبوو دەمگوت باشە ئەی ژنەکە بە چ دڵی ئارام ببێتەوە کە پیاوەکە هیچ پەیوەندی نەبەستیوە پێش ئەو ژن هێنانە؟ (یان ببورن ببورن بۆ ئەو ئاساییە).
شتی وا سەرسورهێنەرم بینیوە بەو ١٣ ساڵ کارکردنە کە باسی بکەم تەواو نابێت... جاری وا هەبووە کاکی زاوا باوەڕی بە ئێمەی پزیشک نەبووە لەسەر ئەنجامی پشکنین و بە ئێمەی وتووە (قورئانتان بۆ بێنم دەست لەسەری دادەنێن ئەو کچە خاوێنە؟) ئینجا وەرن ئێوە لەبری ئێمە  وەڵامی بدەنەوە.
ئینجا ئەو بیرە هەڵەیە ئەوەندە بەقوڵی چۆتە ناومان. تەنانەت کەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز هاتوونە بۆ پشکنینی پەردەی کچێنی ژنەکانیان کە ئەوە کارەساتە بەڕاستی. لەوەش کارەساتتر ژنەکە (بوکەکە) کە خوێنی نەبینیوە لە شەوی هاوسەرگیری وایزانیوە ئەوە لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر ترسناکە و بە دڵە ڕاوکێوە، خۆی هاتووە گوتویەتی (دکتۆرە زۆر پێم ناخۆشە بۆ منیش وەک خەڵکی دیکە خوێنم نەبینی؟ دەبێت هی ئەوەی بێت کە قاوەی تاڵم زۆر خواردییە؟ یان هەبوو دەیگوت دەبی هی ئەوە نەبێت جارێک بەربوومەتەوە؟ یان هەبوو دەیگوت دەبی هی لەیزەری موو لابردن نەبێت؟ جۆرەها شتی تری نازانستی کە باسیان دەکرد مانای وابوو کە ئەو قسانە لە دایک و داپیرانەوە ماوەتەوە و هەمووشی هەڵە. کەسیش نەهاتووە چاکی بکاتەوە.
کەسی وام بینیوە جۆری پەردەکەی لاستیکی بووە، هاتووە بەزۆرە ملێ مێردەکەی وتوویەتی دەمەوێت بە نەشتەرگەری ئەو پەردە کچێنیە لابدرێت. کاتێک پرسیارمان لە کاکی زاوا کردووە کە لەبەرچی دەیەوێت، لایبدات؟ ئایا پرۆسەی هاوسەرگیری مەحال کردووە ئەو پەردە کچێنیە؟ وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی ”نەخیر، من دەزانم ڕێ دەگری لەوەی منداڵمان ببێت”.
دواتر بۆمان ڕوونکردووەتەوە، کە لە ڕووی زانستییەوە ئەم شتە ڕاست نییە. کەچی ئەو هەر سور بووە، لەسەر بیر و ڕای خۆی.
لە کۆتا پانێڵی زانستی نێو دەوڵەتی کە بەشداریمکرد لە بەیروت هەموو پسپۆڕان یەک دەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە پشکنینی پەردەی کچێنی زانستی نییە و هەرگیز بەڵگەی پاکیزەیی نییە.

دکتۆر دیلمان ئازاد  خۆشناو
پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی