سه‌رۆكی‌ هه‌رێم: ده‌‌بێ له‌‌مساڵدا هه‌‌ڵبژاردن ‏ئه‌‌نجام بدرێت

02/03/2023
فۆتۆ: 

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ له‌‌ ‏كاتی یاساییی خۆیدا رۆژی ھه‌‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان دیاری ده‌‌كات و "ده‌‌بێ له‌‌مساڵدا ھه‌‌ڵبژاردن ‏ئه‌‌نجام بدرێت".‏

بەپێی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، هه‌ردوولا دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ‏په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌نگاوه‌كان و گفتوگۆی نێوانیان بۆ چاره‌سه‌كردنی ‏كێشه‌كان، كارنامه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق و دۆخی شه‌نگالیان، تاووتوێكرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا باس له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا. له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ وه‌‌ك سه‌‌رۆكی ھه‌‌رێمی كوردستان له‌‌ ‏كاتی یاساییی خۆیدا ڕۆژی ھه‌‌ڵبژاردن دیاری ده‌‌كات و ده‌‌بێ له‌‌مساڵدا ھه‌‌ڵبژاردن ‏ئه‌‌نجامبدرێت".‏

لای خۆیه‌وه‌ سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خۆشحاڵیی خۆی به‌ ‏هه‌نگاوه‌كانی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر ـ به‌غدا نیشاندا و پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی بۆ هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان دووپاتكرده‌وه‌.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستی و گرنگیی جێبه‌حێكردنی ڕێككه‌وتنی ‏حكوومه‌تی فیدراڵیی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ‏دۆخی شه‌نگال، تا ببێته‌ هانده‌ر و ڕێخۆشكه‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ ئێزدییه‌كان بۆ ‏سه‌ر زێد و ناوچه‌كانیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان".‏

سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌‏یه‌كگرتووه‌كان دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كان و یه‌كڕیزیی ‏لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان‌، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌ ‏ده‌ره‌وه‌ش به‌هێز ده‌كات". ‏