هێزە لۆکاڵییەکەی پارتی بۆچی کەوتوەتە وێزەی مەلا و ڕۆژنامەنووس و گەنجان؟

05/03/2023
فۆتۆ: 



ڕۆژێک بەناوی سیخوڕییەوە ڕۆژنامەنووس دەگیرێت 
ڕۆژێکی دیکە بەناوی بەیعەت دان بە داعش تەلەبەی زانکۆ و کرێکار بێ سەروشوێن دەکرێت

ئەمە هەولێرە، پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پایتەختی بڕیارە سەیرەکانی دادگا و دەسەڵاتی دادوەرییە
ئێرە ئەو شارەیە کراوەتە لانکەی خۆشبەختیی ئەو بەرپرسانەی بەعس و رەفیق حیزبیانەیە کە دەستیان لە ئەنفال و جینۆسایدی کورد هەبوو 
بەڵام کراوەتە جەهەنەمێک بۆ ئەوانەی نەبوونەتە گوێرایەڵ و ئەڵقە لەگوێی حیزب و بە فەرمایشەکانی براگەورە ناڵێن سمعنا واگعنا

تازەترین ڕووداوی ئەم شارە و بڕیاری دادگاکەی بریتییە سزادانی ٧ گەنج، کە خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی کاسبن، بە تۆمەتی تیرۆر و بە بڕگەی ٧ی ماددەی سێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەریەکیان بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ سزادراون

بەپێی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە ئەم کەسانە، دەبێت بەشێک بووبن لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی یاخود هاوکاری ماددی و مەعنەویان کردبێت، یاخود ڕاهێنانی چەکیان کردبێت لە دەرەوەی یاسان و هێزە فەرمییەکان

لەوانەیە ئەو ڕادەیە ئاسایی بێت کە کەسێک ئەم تۆمەتانەی بەسەردا ساغببێتەوە، بە توندترین شێوە سزابدرێت
بەڵام کاتێک گوێ لە کەسوکاری سزادراوەکان دەگریت، دەگەیتە ئەو ڕاستییەی کە دیسان ئەمەش بەشێکە لەو سیناریۆ و پروپاگەندانەی بۆ سنورداکردنی ئازادیی لە هەولێر بەڕێوەدەچن

ڤیدۆی لێدوانی کەسوکاری قوربانییەکان بە حەی

وەک کەسوکاری سزادراوەکان ڕایانگەیاند، ئەمان بەدەستی خۆیان گەنجەکانیان ڕادەستی ئاسایشی هەولێر کردووە، نەک ئەوەی ئاسایش دەستگیرکربن
دواتر ڕادەستی دژەتیرۆری پارتی کراون، ئەوانیش بە چەندین شێوازی درندەی هاوشێوەی بتڵ پێهەڵگرتن و لێدانی کارەبا و هەڵواسین بە دەستبەستراوی سزادراون

باوکی یەکێک لە گیراوەکان دەڵێت، بەو هەموو شێوە دڕندانە بەرامبەر گەنجێکی ٢٠ ساڵ بەکارهاتووە، بەرامبەر هەرکەسێکی دیکەش بکرێت دان بەوەدا دەنێت کە جێگری ئەبوبەکر بەغدادی بووە

پارێزەری دەستگیرکراوان کە هاوکات باوکی یەکێک لەو حەوت گەنجەیە کە سزادراون، بڕیارەکەی دادگای هەولێر بە ناعەدالەتی ناودەبات و دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نەبوو بەڵام دادوەر لەسەر بنەمای ئەوەی ویستوویانە بچنە ناو داعش بڕیاری لەسەر داون، لە کاتێکدا هەر بە وتەی ئەو پارێزەرە، کەسی دیکە هەبووە لەو زیندانییە کە کاری تیرۆرستی و تەقینەوەی ئەنجامداوە ٢ سال سزادراوە، بەڵام ئەم گەنجانە بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغبێتەوە و بەڵگە دژیان هەبێت، بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ سزادراون، لەکاتێکدا ئەم گەنجانە بەشێکیان کاسبن و بژێوی ماڵیان لەسەرە و بەشێکیشیان خوێندکاری قۆناغێکی بەرزی زانکۆن و ٣ ساڵی زانکۆیان لە هیچ و خۆڕا دەفەوتێت

ئەمە جگە لەوەی دژە تیرۆری پارتی هیچ دانپێدانانێکی ئەم گەنجانەی بڵاونەکردوەتەوە، لەکاتێدا پێشتر ئەم هێزە لۆکاڵییەی پارتی، بەهۆی کەمی ئۆپەراسیۆن و نەبوونی کاریگەری لەسەر پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کاری بووەتە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و مەلا و گەنجی بێ تاوان و لەژێر ئەشکەنجەی فیزیکی و دەروونی، دانپێدانانی پێ تۆماردەکرن

سەرباری سزاکە، ئەوەی زیاتر کەسوکاری سزادراوەکانی ئێستا و ڕابردووش نیگەران دەکات، بێدەنگی ڕێکخراو و دەستەی مافی مرۆڤە لە بەرامبەر پێشێلکاریەکانی بەناو دژەتیرۆرەکەی پارتی و بڕیاری دادگاکەی.

لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییە ئەوروپی و ئەمریکییەکان، ھێزە ئەمنییەکان و دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی سەپێنراوی پارتی دیموکرات، بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی هێز بۆ دانپێدانان و هەڕەشەی شەرەف و بڕیاردان بەبێ بوونی بەڵگە ناودەبرێن

بەڵام وەک پیشەی هەموو جارێکیان، فەرمانگەکانی حکومەت لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەکردنی کێشەکان، ڕاپۆرتەکان بە ناڕاست و درۆ ناودەبات

لەم دۆخەد حکومەتی هەرێم، لەو وشتر مرخە دەچێت، کە سەر دەکات بە کونێدا و جسمی هەمووی بە دەرەوەیە، بەڵام وادەزانێت کەس نایبینێت