دەزگای نیشتیمانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت

08/07/2020
دەزگای نیشتیمانی خۆراك و دەرمان لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

دەزگای نیشتیمانی خۆراك و دەرمان لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت و محەمەد حاجی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری دەرمان، بەرپرسیاریەتی دەزگاکە وەردەگرێت.

د.سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پێشتر لیژنەیەكی لاوەكی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پێكھاتبوو و بەدواداچوونی تەواوی بۆ كێشەی دەرمان كردووە لە ھەرێمی كوردستان و راسپاردەكانیش ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراون، بۆ ئەوەی كێشەی كەرتی دەرمان لە ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ و چارەسەر بكرێت .

ئاشکراشیکرد، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی دامەزراندنی دەزگای نیشتیمانی خۆراك و دەرمانە و دكتۆر محەمەد حاجی وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دەرمان، بەرپرسیاریەتی دەزگاكە وەردەگرێت.

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند، ھەموو ھەوڵێك بۆ باشكردنی رەوشی تەندروستی و كەرتی دەرمان دەدرێت لە پێناو سەلامەتی ھاوڵاتیاندا، بە تایبەتی لە ئێستادا بە ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رەوشەكە پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە.