کوالێتی کۆنترۆڵی هەرێم: پێویستە د.عەتییە قسەکانی بسەلمێنێت

15/03/2023
فۆتۆ: 

بەرێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی دکتۆرە عەتییە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە قسەکانی بسەلمێنێت.


دەقی روونکردنەوەکە...

دوای بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدۆیەکی پزیشکێک بەناوی د. عەتیە باسی  ناردنی دەرمانی فڕێدراو دەکات لەلایەن کۆمپانیایەکی دەرمان لەوڵاتی ئوردن لەساڵی ٢٠٠٥ گوایە لەجیاتی فرێ بدرێت ئەو کات نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان، وە دەڵێت تائێستاش بەردەوامە کە دەرەنجام ئەم جۆرە لێدوانانە دڵەڕاوکێ و شڵەژانی دەروونی و بێ متمانەیی لەنێو هاوڵاتیان دروست دەکات.

ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی جۆری هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کەوا ڕێکارەکانی هاوردەکردن و هێنانی دەرمان بەفەرمی و یاسایی بە زنجیرەیەک رێکاری زانستی و تۆمارکردن و دڵنیابوونی سەرچاوە و کارگەی بەرهەمهێنان و پشکنینی تاقیگەیی وورد دادەڕوات ئینجا ڕێگە بە هاوردەکردن و پێدانی مۆڵەتی بەکارهێنان دەدرێت و مەحاڵە لەئێستادا هەر دەرمانێک بەفەرمی ڕێگەپێدانی بەکارهێنانی پێ بدرێت ئەگەر تەواوی ڕاستی و دروستی کوالیتی نەبێت، وە پڕۆسەی چاکسازیکردن و کۆنتڕۆڵکردن لە ئێستادا ئاستی زۆرباشی بەخۆوە بینیوە. ئەم بەڕێزەش پێویستە ئەم بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و هەموو ڕاستی و دۆکیومێنتی ئەو قسانە بسەلمێنێ تاوەکو بەرچاوڕوونیمان هەبێت و سوپاسی هەر کەس و لایەنێک دەکەین هاوکارمان بێت بۆ دۆزینەوەی هەر دەرمانێکی بێ کوالیتی و نافەرمی و هەر گومانێک کە هەبێت، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر لە بەرامبەر فڕێدانی قسە و دروستکردنی گومان و دڵەڕاوکێ و لاوازکردنی متمانەی هاوڵاتیان وە دەبێت ئەم بەڕێزە بەپرسیار بێت لەبەرامبەر یاسا و دادگا و وەڵامی ڕای گشتی و بەرژەوەندی نەخۆش بدرێتەوە چیدیکە قەبوڵ ناکرێت بە قسەو پڕوپاگەندەی بێ بنەما سەر لە هاوڵاتی و نەخۆش بشێوێندرێت و ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکرێت و غەدر لە نەخۆش بکرێت.

جارێکی دیکە هاوڵاتیان دڵنیادکەینەوە کەوا دەرمانی فەرمی و پەسندکراوی کوالیتی کۆنتڕۆڵ هیچ کێشەیەکی نیە و هەمووان بەڕێگەی سیستەمی نوێی ئەلیکتڕۆنی و تەکنەلۆجیای دژەساختە دەتوانن چاودێر و پشتڕاست بن و لە هەر کێشەیەکیش دەتوانن لەڕێگەی هێڵی گەرمی ڕاگەیاندراوی سەر دەرمانەکە پەیوەندیمان پێوەبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە.