نوێنەری زیندانیانی بادینان: دووبارە سزادانی زیندانیانی بادینان دەرخەری دکتاتۆریەتی پارتییە

15/03/2023
فۆتۆ: 

دوای سزادانەوەی سزادراوێکی سزادراوانی بادینیان نوێنەری زیندانیان دەڵێت، دووبارە سزادانی زیندانیانی بادینان دەرخەری دکتاتۆریەتی پارتییە، ئەگەر ئەم ئەقلیەتە نەوەستێنرێت حکومەت پیلانی مەترسیداری هەیە.

دەقی راگەیەندراوی  نوێنەری زیندانیانی بادینان

بۆ ڕای گشتی
دووبارە سزادانی زیندانیانی بادینان دەرخەری دکتاتۆریەتی پارتییە، ئەگەر ئەم ئەقلیەتە نەوەستێنرێت حکومەت پیلانی مەترسیداری هەیە.

"ئەگەر یەکێتی و گۆڕان لە ئەدای پارتی نارازین و جیاوازن، پێویستە بە ھاوکاری ئۆپۆزسیۆن ئەم کابینە ماوە بەسەرچوە هەڵوەشێنن و حکومەتی رزگاری نشتیمانی پێکبێنن".

لە کاتێکدا کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر مابوو بۆ پێشوازی ئازادبونی کەسوکارمان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی دادگای کەتنی ٢ی هەولێر بەپێ ماددەی ٢٧٩ی سزای ئێراق و بێ ھیچ ئاگاداکردنەوەیەک بۆ پارێزەرەکانی سزایەکی نوێ بەسەر رۆژنامەنوس گۆهدار زێباری سەپاند بە بیانوی لۆگۆ گۆڕینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە "نیسان" بۆ "دایو" لە پێش سێ ساڵ (لە کاتێکدا هیچ لۆگۆی نە گۆڕیوە و ئەمە پەیوەندی بە غرامەیەکی هاتوچۆ هەیە)، ئەم سزایە و بەهێشتنەوە شێروان شێروانی و قارەمان شوکری لە زیندان هەڕەمی پارتی سۆکایەتی بە دادگا و دیمۆکراسیەت دەکات.

بۆ ڕای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکەرایە کە رۆژنامەنوس و چاڵاکوانانی بادینان ماوەی دوو ساڵ و هەشت مانگە لە پرۆسەیەکی ناسایایی و نادیمۆکراسیدا سزادەدرێن و ئەو نادادییە دژبە ڕەچاوکردنی سادەترین بڕگەکانی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم، بەندەکانی دەستوری عێراق و بگرە دژبە (١٣)ماددەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی بوون، ئەمەش سومعەی هەرێمەکەمان ناشرینتر کردوە و لە جیاتی بە خوداچونەوە و باشترکردنی دۆخەکە پارتی دیمۆکرات بە ئەقلیەتێکی دەرۆن ناخوش و سادیزم خەریکی چێژ وەرگرتنە لە سزادانی هاوڵاتیانی ئەم نشتیمانە.

ئەمە لە کاتێکدایە بەفەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سزای (٦) ساڵ زیندانیکردنی هەریەکە لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و گوھدار زێباری) کەمکرایەوە بۆ (٢ ساڵ و ٤) مانگ. بەلەبەرچاوگرتنی ماددەی ٣٣١ی ئازادکردنی مەرجی (الإفراج الشرگی)، پێویست بوو هەر پێنج زیندانیەکە لە مانگی ٨ی پارسالدا ئازادکرابان.

دوسیەی زیندانیانی بادینان حەقیقەتی ناسەربەخۆیی دادگاکان و لاوازی دەسەڵاتی دادوەری، دکتاتۆریەتی کابینەکەی مەسرور بارزانی دەرخستوە کە چەندە دژی خەباتی مەدەنی و دیمۆکراسیەتە، ئەگەر یەکێتی و گۆڕان لە ئەدای پارتی نارازین، جیاوازن و پشتیوانی زیدانیانی بادینان، پێویستە بە هاوکاری ئۆپۆزسیۆن ئەم کابینە ماوە بەسەرچوە هەڵوەشێنن و تا ھەلبژاردن دەکرێت حکومەتی رزگاری (الانتقال)ی نشتیمانی پێکبێنن.

ئەیھان سەعید - نوێنەری زیندانیانی بادینان.
١٥ی ٣ی ٢٠٢٣