د.لەتیف رەشید داوای جێبەجێكردن و تەواوكردنی رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكات

16/03/2023
فۆتۆ: 

لە 35ەمین ساڵیادی بۆردوومانكردنی هەڵەبجە بە چەكی كیمیایی، د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عێراق داوای لە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و حزبە سیاسییەكان كرد، هەوڵەكان یەكبخەن بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

دەقی پەیامەکە:

بەیاننامەی سەرۆک کۆمار لەساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
خەڵكی بەشەرەفی هەڵەبجەی شەهید

لەساڵیادی (٣٥)ساڵەی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، هاوخەمی خۆم بۆ ئەو ستەمە گەورەیە دەرئەبڕم، با شەهیدەكانی هەڵەبجە ئاسوودە بن،  بە ساڕێژبوونی تەواوی زامەكانیان، هەمو کاتێک هاوکارین بۆ هەڵەبجەی خۆشەویست .
كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، برین و ئازارێکی سەختی لە هەموو دونیا دا دروست كرد، كەساڕێژبوونی ماوەیەکی زۆری ئەوێ .
 لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی  لەناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ئەکەم و  داواش لە حکومەتی هەرێم وپەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان ئەکەم کەهەوڵەکانیان یەکبخەن، لەپێناوی جێبەجێكردنی ڕێکارە یاساییەکانی بەپارێزگابوون ونەهێشتنی کەموکوڕییەکانی ئیدارەی هەڵەبجە، وەك زەمینە سازییەك بۆئەوەی  ئەم شارە بكرێت بەشارێکی نمونەیی.
با مەراسیمی یادکردنەوەکان بگۆڕێن بە ھەنگاونان بۆ خزمەتکردنی شارەکە و کەسوکاری قوربانیان، هەوڵی تەواو بدرێت بۆ ساڕێژکردنی برین و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو مەرگە ساتە .
سەربەرزی بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە.

دکتۆر عەبدولەتیف ڕەشید
سەرۆک کۆمار