سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان: داواکارین مافی کەسوکاری شەھیدان و قوربانییان بچەسپێنرێت

16/03/2023
فۆتۆ: 

لە ساڵیادی بۆردومانکردنی ھەڵەبجە بە چەکی کیمیایی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنەکان دەکات، یاسایەکی تایبەت بە جینۆسایدناساندنی گەلی کوردستان دەربکەن، حکومەتی ھەرێمیش کاری زیاتر بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، ساڵانە لە وەرزی بەھار و بوژانەوەی سروشت گەلی کورد شادی و خۆشی تێکەڵ بە تراژیدیا و مەرگەسات کردووە. بۆ ئەمساڵیش یادکردنەوەی ئەو بیرەوەرییە ھاوکاتە لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە و ئاڕاستەکردنی پڕۆژەکە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی ھەڵەبجە دەکات و داواش لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و تەواوی فراکسیۆنە جیاوازەکان دەکات، ئەرکی یاسایی خۆیان لەپەسەندکردنی پڕۆژەکە و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە جینۆسایدناساندنی گەلی کوردستان دەربکەن و تێیدا مافی کەسوکاری شەھیدان و قوربانیان بچەسپێندرێت، لەپێناو قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان.

ھیواشیان خواست، ئەمساڵ بەشێکی کەمی ئازارەکانی خەڵکی ھەڵەبجە و کوردستان ساڕێژ بێت و ھیوایەک بۆ ئایندەی ئەو شارە بێناز و تاوانلێکراوە بگەڕێتەوە. 

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو توانایەکی بخاتەگەڕ بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و بنیاتنانەوەی سێکتەرە جیاکانی ھەڵەبجە و دەڤەرەکە بە گشتی.